ئەمڕۆ ژنانی هەڵەبجە یادی ٨ی ئاداریان بە چالاکی جۆراوجۆر بەرز ڕاگرت
ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە چەندین چالاکی بۆ بەرز ڕاگرتنی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان ئەنجامدرا و ژنان جەختیان لە بەردەوامیدان بە خەبات لەپێناو ئازادی و مافی ژنان کردەوە.
هەڵەبجە
٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان لە جیهاندا بە چالاکی جۆراوجۆر یادی دەکرێتەوە، ئەمساڵیش لە باشووری کوردستان ماوەی هەفتەیەکە چالاکییەکان دەستیان پێکردووە و ژنان یاد و ئامانجەکانی ٨ی ئادار بەرز ڕادەگرن.
ئەمڕۆ لە شاری هەڵەبجە سێ چالاکی جیاواز بەبۆنەی ٨ی ئادار ئەنجامدرا و لە چالاکییەکاندا توانا، ئیرادە، تێکۆشان و بوونی ژنان خرایەڕوو، ژنان جەختیان کردەوە، پێویستە ٨ی ئادار و ڕۆژانی دیکەی ساڵ ژنان هەوڵ بدەن و توانا و ئیرادەیان بخەنەگەڕ.
یەکەمین خەڵاتی ساڵانەی عادیلە خانم بۆ ژنانی بەهرەمەند و بە توانا دابەشکرا
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ڕێکخراوی کارسازی کار یەکەمین خەڵاتی ساڵانەی عادیلە خانمی بەخشییە ژنانی خاوەنکار، بە توانا و بەهرەمەندی شارەکە لە بوارەکانی وەرزش و هونەری و داهێنان.
ئاڵا سەڵاحەدین، وەرزشوان، خەڵاتی وەزشیی عادیلە خانمی پێبەخشرا، شەهین عومەر لە بواری دەروونی خەڵاتی عادیلە خانم و سۆزان شەعبان، خەڵاتی داهێنانی عادیلە خانی پێبەخشرا.
ژنان بۆ نوژنها باسیان لەوەکرد، ژن ژیانە و ژن ئازادییە، پێرۆزباییان لە ژنانی کوردستان کرد و ڕایانگەیاند، بەخشینی خەڵات هاندانێکە بۆ ژنان تا بتوانن بەردەوام بن لە کارەکانیان.
-لە ئەنجامی ڕاپرسیەکدا دەرکەوتووە، ژنانی هەڵەبجە توندوتیژی ئابووریان بەرامبەر دەکرێت
هەر ئەمڕۆ لە ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان بە هاوکاری ڕێکخراوی تواناسازی ئافرەتان، ئەنجامی ڕاپرسیەک ئاشکرا کرا، کە دەرکەوتووە ژنانی هەڵەبجە توندوتیژی ئابورییان بەرامبەر دەکرێت.
ڕاپرسییەکە لەلایەن ڕەنگین سەلام، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندی ڕێکخراوی نوێ خرایەڕوو، تێیدا ٥٠٠ فۆرم بەسەر ژنانی کارکەردا دابەشکراوە و ١٠٠ فۆرمیان بە شێوەی ئۆنلاین وەرگیراوەتەوە، تەمەنی بەشداربووان کە ژنان، لەنێوان ١٨ بۆ ٦٧ ساڵ بووە و کاتژمێری کارکردنیان بە ڕێژەی ٪٢٧ لە نێوان ٢-٤ کاتژمێر، بە ڕێژەی ٪٥٦ لە ٥-٨ کاتژمێر و بە ڕێژەی ٪١٧ لە ٩-١٢ کاتژمێر کار دەکەن، ئەمەش دەریدەخات کە زۆربەی کار ژنان لە کاردان.
لە ڕاپرسییەکەدا دەرکەوتووە، ٪٤٧ی ژنان لە ١٠٠-١٥٠ هەزار، ٪٢٩ی ژنان لە ١٦٠-٢٠٠ هەزار، ٪٢١ی ژنان لە ٢٥٠-٣٠٠ هەزار مووچە وەردەگرن، ئەمەش دەریدەخات کە ژنان کارێکی زۆر و کەمترین مووچە وەردەگرن.
لە پێشەنگایەکدا توانا هونەرییەکانی ژنان نمایشكرا
لەلایەکی دیکەوە لە شاری هەڵەبجە، یەکێتی ژنانی کوردستان لقی هەڵەبجە بە هەماهەنگی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجە، بە دروشمی "بە هونەر تواناکانمان نمایش دەکەین" پیشانگایەکی شێوەکاری و پەیکەرسازی بۆ ٥ ژنی هونەرمەند کردەوە.
شارا عەبدولکەریم، بەرپرسی یەکێتی ژنانی کوردستان لقی هەڵەبجە باسی لەوەکرد، مەبەستیانە جیاواز لە هەموو ساڵەکانی تر چالاکی پێشانگای شێوەکاری بکەنەوە و بتوانن توانا و لێهاتووی ژنانی بەهرەمەند بخەینەڕوو.
ئاسودە ئیبراهیم، دەرچووی بەشی بیرکارییە و خولیای کاری شێوەکاری هەیە و بەشداری چالاکییەکە بوو، وتی: دڵخۆشم بەشداری پێشەنگاکەم کردووە، تابلۆکانی من باس لە کاری ژنان دەکات و هیوادارین ژنان زیاتر پەرە بە کارەکانیان بدەن.
لە کۆتایی مەڕاسیمەکەدا خەڵات بەسەر بەهرەمەنداندا دابەشکرا.