ژمارەی منداڵە بێکەسەکان گەیشتە یەک هەزار و ٥٨٩ منداڵ

بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا، ژمارەی ئەو منداڵانەی گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و خێزانەکانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە یەک هەزار و ٥٨٩ منداڵ.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیا، کە ناوەندەکەی مەڕەش بوو، دەیان هەزار بینا ڕووخان و وێرانی لێکەوتەوە، ژمارەیەکی زۆر منداڵ لە ژێر بینا ڕووخاوەکان دەرهێندران.

 

فوئاد ئۆکتای، جێگری سەرۆکی تورکیا دوایین زانیاری لەبارەی ئەو منداڵانەی بێکەس ماونەتەوە، ئەو منداڵانەی ڕادەستی خێزانەکان کراون و لە ماڵی بێسەرپەرشتاندان بڵاوکردەوە.

 

فوئاد ئۆکتای ئاماژەی بەوەدا، ژمارەی ئەو منداڵانەی بێکەس بوون لە ناوچەی بوومەلەرزەکە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان گەیشتوونەتە یەک هەزار و ٥٨٩ کەس.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ٩٥٣ منداڵ ڕادەستی خێزانەکانیان کراون و یەک هەزار و ٣٤٢ منداڵ ناسنامەکانیان دیاری کراون و ٢٤٧ منداڵیش تا ئێستا ناسنامەیان نەزانراوە.