"ئاسایشی سلێمانی ڕێگری لە کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ باکوور و ڕۆژئاوا دەکات"
ڕێکخەرانی کەمپینی هانا ڕایانگەیاند، ئاسایش مۆڵەت نادات کەمپینەکە هاوکارییەکان کۆبکاتەوە و قائیمقامی سلێمانیش وەڵامی ڕێکخەران ناداتەوە.
ناوەندی هەواڵ
کەمپینی هانا لە کارگەی جگەرەکەی سلێمانی لە چوارچێوەی کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەک بۆ زیانلێکەوتووانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، لە ٧ی مانگەوە دوای ڕاگەیاندنی کەمپینەکەیان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، دەستیان بە کارەکانیان کرد و ماوەی ٥ ڕۆژ بەردەوامبوو.
لە دوێنێ شەممەوە ئاسایشى سلێمانى بە بیانووی ئەوەى کە مۆڵەت بۆ کەمپینەکە وەرنەگیراوە، ڕێگە نادرێت کۆمەک و هاوکارییەکان لەلایەن کەمپینیى هاناوە کۆبکرێتەوە و ئاستەنگ دروست دەکات، ئەمڕۆ ڕێکخەران و سەرپەرشتیارانی کەمپینیی هانا بۆ چارەسەرکردنى ئەو کێشەیە سەردانى پارێزگای سلێمانیان کردووە، بەڵام نێردراون بۆ لای قائیمقامییەتى سلێمانی، لەوێش قائیمقامی سلێمانى ئامادە نەبووە وەڵامی ڕێکخەرانى کەمپینەکە بدەنەوە.
ڕێکخەرانى کەمپینەکە ئاماژە بەوە دەکەن، هێزەکانى ئاسایشی سلێمانى ڕێگە نادات هاوکارییەکان بگەنە کارگەی جگەرەکەى سلێمانی و فشار لە رێکخەرانی کەمپینەکەش دەکەن کە کۆتایی بەو کەمپینە بهێنن.
هاوکات ڕێکخەران و سەرپەرشتیارانى کەمپینەکە داوا لە خێرخوازان و هاوڵاتیان دەکەن کە بچنە بەردەم کارگەى جگەرەکەى سلێمانى و پشتیوانى لە کەمپینەکەیان بکەن بۆ ئەوەى ئاسایشی سلێمانى کۆتایی بە فشارەکانى بهێنێت، ئەگەریش ڕێگری ئاسایشى سلێمانى بەردەوام بێت بۆ کۆکردنەوەى هاوکارییەکان ئەوا کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانی ئەنجام دەدەن و هۆکارەکەی بۆ ڕای گشتى ئاشکرا دەکەن.