سلێمانی، چالاکی مانگرتن بۆ ئازادی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیەندرا

کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان چالاکی مانگرتنی بۆ شکاندنی گۆشەگیری و ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیاند و ژنانیش داوای ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان دەکەن.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بارەگای تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە شاری سلێمانی، بە دەستپێشخەری کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان و بە هەماهەنگی لەگەڵ تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و بە بەبەشداری ژمارەیەک چالاکوان و ئازادیخوازان چالاکی مانگرتن لە خواردنیان بۆ شکاندنی گۆشەگیری و ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیاند.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، نەورۆز فازیل، ئەندامی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان دەستپێکی چالاکییەکەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا، "چالاکی مانگرتن لە خواردن بەشێکە لە زنجیرە چالاکییەکانی بۆ شەرمەزارکردنی ١٥ی شوبات، ساڵیادی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی سەر ڕێبەر ئۆجالان بەڕێوەچووە، چونکە داوای ئازادی بێ قەید و شەرتی ئۆجالان دەکەین و بە گرنگی دەبینین، ئەمڕۆ کات کاتی ئازادی ڕێبەر ئاپۆیە".

 

لەیلا عەلی، ئەندامی ڕژاک، لە سەرەتای قسەکانیدا دوژمنانی گەلی کورد و گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی شەرمەزار کرد، ئاماژەی بەوەدا، "سەرۆک ئاپۆ ٢٤ ساڵە لە زینداندایە لەپێناو ژن و گەلی کورددا، من دوژمن و پلانگێڕییەکان شەرمەزار دەکەم، دەوڵەت هەوڵی لەناوبردنی گەلی کورد دەدات، من بەشدارم لەم مانگرتنەدا و پێی سەر بڵندم، داوا دەکەم هەموو ژنانی کورد بەشداری مانگرتن بکەن، چونکە ئەمە ئەرکی سەر شانی ئێمەیە، چونکە سەرۆک ئاپۆ لەپێناو ژنی کورددا لە زینداندایە.

 

بڕیارە مانگرتن لە خواردن، کە لە چوارچێوەی زنجیرە چالاکییەکانی ١٥ی شوباتدا بەڕێوەدەچێت، لە بارەگای تەڤگەری ئازادی لە شاری سلێمانی بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.