هەڵەبجە دەست بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ باکوور و ڕۆژئاوا دەکات

لە هەڵەبجە ژنان داوا دەکەن خەڵک بە ئەرکی ئەخلاقی و نیشتیمانی و نەتەوەیی هەستن و کۆمەك و هاوکارییەکان بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بنێرن.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم شارەوانی شاری هەڵەبجە کەمپینی "هاوخەمتانین" بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەکەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە  دەستیپێکرد و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

 

کەمپینەکە ئامانجی هاوکاریکردنی ئەو خێزانانەیە بەهۆی بوومەلەرزەکانی ٦ی شوبات لە مەڕەشی باکووری کوردستان زیانیان بەرکەوتووە لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان.

 

دڵنیا فاروق وەک هاوڵاتیەک داوا لە خەڵکی هەڵەبجە و خێرخوازان دەکات بە پێی توانای خۆیان هاوکارییەکان بگەیەننە کەمپینەکە.

 

لە کەمپینەکەدا چەند بابەتیکی دیاریکراو داواکراوە تاوەکو بیگەیەننە کەمپینەکە، کوردە باپیر، ئەندامی ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان باسی لەوەکرد، ئەو هاوکارییانەی وەریدەگرین خۆی دەگرێتەوە لە پێداویستی منداڵ، شیر و جلوبەرگ و پێداویستی ژنان، خواردن پارە، وتیشی: پێویستە دارشەق و عەرەبانە و هەرشتێک کە خاوەن پێداویستی تایبەت بێت، بگەیەننە کەمپینەکە و ئێمەش بە ئامانەتەوە دەیگەیەنینە شوێنی مەبەست.

 

گوڵستان محەمەد لە نوسینگەی مافی مرۆڤ بەشداری کەمپینەکەن و تایبەت بە نوژنها وتی: پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان بۆ قوربانییانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕادەگەیەنین، هەوڵەدەین یەک دەنگ بین بۆ خزمان و کەسوکارمان، وەک پارێزگای هەڵەبجە هەمیشە هاوخەمی هەر ڕووداوێکین و هەست بەو ئازار و مەینەتییانە دەکەین بە سەریانداهاتووە، داوا لە سەرمایەدارەکان و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و هاونیشتمانییان دەکەین، وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەیی، ئاینی و ئەخلاقی کۆمەک و هاوکارییەکانیان بگەیەنن بە کەمپینەکە، تاکو کەمێک لەو ئازار و خەم و بار قورسییە بەسەر خوشک و برایانمان لە پارچەکانی تری کوردستان هاتووە کەم بکرێتەوە.