"تێکۆشانێکی جیهانی دژی گۆشەگیری و پیلانگێڕی پێویستە"

ژنانی شەنگال ڕایانگەیاند، گۆشەگیریی توند لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد دژی هەموو یاساکانی مرۆڤە و بۆ شکاندنی گۆشەگیرییەکە، تێکۆشانێکی جیهانی پێویستە.

ئەمیرا زۆزان

 

شەنگال- ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ بە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی دەستگیرکرا و ماوەی ٢٤ ساڵە لە زیندانی ئیمرالی جۆری F لە ژێر گۆشەگیری توند دایە، دەوڵەتی تورک تا دێت سیاسەتەکانی گۆشەگیری و ئەشکەنجەدان لە ئیمرالی چڕتر دەکاتەوە، بۆ ئەوەش ژنان و ئازادیخوازانی جیهان ناڕەزایەتی و چالاکی دژی گۆشەگیری بەڕێوەدەبەن.

 

ژنانی ئێزدی لە شەنگال ئاماژەیان بەوەدا کە هزر و فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد ئێستا گەیشتووەتە هەموو جیهان و بۆ شکاندنی گۆشەگیری و بەدەستهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ تێکۆشانی جیهانی پێویستە.

 

"نابێت دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ ئەوەندە کەڕ و لاڵ بن"

ئەمشە کورکورکی، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، وتی: ئێمە وەک پێکهاتەی ئێزدی دەمانەوێت بەشێک بین لە خەباتی ئازادی جەستەیی سەرۆک ئاپۆ، تا ئێستا پارێزەرانی سەرۆک ئاپۆ هیچ زانیارییەکیان بەدەست نەگەیشتووە، پێویستە دەوڵەتە نێودەوڵەتییەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن و بێدەنگ نەبن، دوای ئەو فەرمانە، ئێمە لە سایەی فەلسەفەی سەرۆک ئاپۆوە لەسەر پێی خۆمان ماینەوە و ئەمڕۆ بە سایەی ئەو فەلسەفەیە ڕۆڵەکانمان دەمانپارێزن.

 

ئەمشە کورکورکی باسی لەوەکرد، ڕێبەر ئۆجالان بە هزری خۆی ڕێگای ئازادی پێشکەش بە هەموو گەلان کردووە، "ماوەیەک پێش ئێستا ٢ گەنج لە باکووری کوردستانەوە هەنگاویان ناوە بۆ شکاندنی گۆشەگیری و ئاگریان لە خۆیان بەردا، سەرەخۆشی لە کەسوکاریان دەکەین، ئەوەی ئێمە بۆ سەرۆک ئاپۆ دەیکەین، بەس نییە، چونکە سەرۆک ئاپۆ شێوازی نوێی ژیانی پێشکەش بە هەموو جیهان کرد، ئازادی بە ئێمەی ژنان بەخشی".

 

"هەرچییەک بکەین قەرزداری ئەوین"

نەفیە جردۆ، ئەندامی ئەنجومەنی گەلی خانەسور، ڕایگەیاند کە هیچ ئومێدێکیان بە دەوڵەتەکان نییە، تاکە ئومێدیان لە دەسەڵاتی گەلە و وتی: سەرەخۆشی خۆمان بۆ کەسوکاری ئەو دوو قارەمانە دەخوازین کە جەستەیان بەخشیوە، لە ڕاستیدا ئێمە هەرچییەک بکەین، هەمیشە لە ڕێبەر ئاپۆ کەمتر دەکەین، ئەمڕۆش شاخەکانی شەنگال قەرزداری ڕێبەر ئاپۆیە، بۆیە پێویستە هەمووان ئەرکی خۆیان بۆ سەرۆک ئاپۆ ڕاپەڕێنن، ئەو دەیەوێت هەموو جیهان ئارام بێت، بەڵام وڵاتانی دیکە گۆشەگیری لەسەر سەرۆک ئاپۆ ئەوەندە قورس دەکەن، چونکە لەسەر شەڕ دەژین.