ڕژاک چالاکییەکانی ساڵێکی ڕێکخراوەکەی ئاشکرا کرد

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان کار و چالاکییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ی خستەڕوو، لە ماوەی ئەو ساڵەدا چالاکییەکانی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و هۆشیاری ژنان بەڕێوەبردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لەساڵی ٢٠٠٢ لەسەر بنەمای هۆشیارکردنەوەی ژن، خۆپەروەردەکردن و خۆبوونی ژن دامەزراوە، پێنج کۆنگرەی بەستووە و پێنجەمین کۆنگرەی لە ساڵی ٢٠٢١ لە شاری کەرکوک بەست، ساڵانە خولی پەروەردە دەکەنەوە و لە شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان کار و خەبات دەکەن، لێرەدا ڕژاک بەشێک لە چالاکییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ دەخاتەڕوو.

 

ڕژاک خەباتی هۆشیاری بۆ ژنان بەڕێوەدەبات

ساڵی ٢٠٢٢ ڕژاک لەپێناو هۆشیارکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئیرادەی ژنان خول و پەروەردەی کوردووەتەوە، لەوانە، کردنەوەی خولێکی هزری سێ ڕۆژە بۆ ژنان، بەشداری لە پێنج کۆبوونەوەی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان بۆ ئامادەکردنی چالاکیەکان، بەشداری کۆڕێک لە کۆنگرەی ستار بۆ ئەو ژنانەی سەردانی ڕۆژئاوایان کردووە، پێشوازی لە شاندی کۆنگرەی ستار، بەشداری کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ڕێکخراوەکان دژی توندوتیژی سەر ژنان لە تەوار، سەردانیکردنی شێڵتەری ژنان و داڵدەدانی ژنان و نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەگەڵ ڕێکخراوەکان.

 

ڕژاک وەک ئەرک و بنەمای ڕێکخراوەکەیان هاوکار دوو کچی کردووە کە لە خێزانەکەیان هەڵهاتوون و هەستاون بە چارەسەرکردنی کێشەکە و گفتوگۆ لەگەڵ ماڵەوەیاندا، بەشداری کۆنفرانسی ژنانی ئێزدی لە بەغدا لە ساڵیادی فەرمانی شەنگالدا، لەگەڵ تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان پێشانگای کاری دەستی بۆ ژنان کردووەتەوە و لە ٢٥ی نۆڤەمبەردا لە گۆڕستانی بێناونیشانەکان شانۆییەکیان لەبارەی کوشتنی ژنان پێشکەشکرد، هەر بەو بۆنەیەوە پێشانگای شێوەکاری بۆ ژنان کردەوە، چارەسەری چەند کەیسی ژنانی کردووە و سمینارێکی بۆ پیاوان لەسەر ژن کوشتن ڕێکخستووە، هاوکات دوو خەڵاتی ساڵانەی ساکینە جانسزی بۆ تێکۆشانی ژنان، بەخشییە ڕێکخراوی ڕاوای ئەفغانی و ئایسەل توغلوک، پەرلەمانتاری باکووری کوردستان.

 

هەروەها لەگەڵ ڕێکخراوەکان ڕژاک چەندین کۆبوونەوەی کردووە و پێشوازی لە شاندەکان کردووە، وەک پێشوازی لە شاندی یەکێتی ژنان کە پێکهاتبوون لە کافیە سلێمان، کنێر عەبدوڵا و سەیوان ڕۆستەم، پێشوازی لە شاندی پلاتفۆرمی یەکێتی ژنانی کورد کە لە باکووری کوردستانەوە سەردانی باشووریان کردبوو، سەردانیکردن بۆ لای ڕێکخراوەکانی ژنان و ژنانی چالاکوان و سیاسەتمەداریش ئەنجامدراوە.

 

ڕژاک هەڵوێستی خۆی دژی داگیرکاری دەرخستووە

ڕژاک لە پرسە نیشتمانییەکان و پەیوەست بە نەتەوەی کوردەوە هەڵوێستی خۆی نیشانداوە، بڕوای وایە کە داگیرکارییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژنان هەیە و بە پلەی یەکەم لە هێرشەکاندا ژنان دەکرێنە ئامانج و ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی دەبنەوە، چونکە هۆکارەکەی زاڵبوونی ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری و سەپاندنی پیاوسالارییە بەسەر کۆمەڵگە و ژناندا، هەروەها دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە چیاکانی کوردستان و شەهیدکردنی گەریلاکانی ئازادی خاوەن هەڵوێست بووە و رۆڵی کارای هەبووە لە هۆشیارکردنەوەی ژنان دژی داگیرکاری و چەکە قەدەغە کیمیاییەکان.

 

دژی هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران، ڕژاک چالاکی بەڕێوەبردووە، لەوانە، بەشداریکردن لە لێدوانی دایکانی لەچک سپی دژی داگیرکاری سوپای تورکیا لەبەردەم نوسینگەی پەرلەمانی عێراق، ئەندامانی ڕژاک بەشدارییان کردووە لە ڕێپێوانی گەنجان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لە ١٩ی تەمموزدا یادی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا بەرز ڕاگرت، بەشداری کەمپینی واژۆ بۆ دەرهێنانی پەکەکە لە لیستی تیرۆر و کۆکردنەوەی ٢٠٠٠ هەزار واژۆ وەک ڕژاک، لەگەڵ چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئیدانەی کوشتنی ژینا ئەمینی و پشتیوانییان بۆ ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دووپاتکردەوە.

 

ڕژاک لە بواری کۆمەڵایەتی و ژینگەیی و سیاسی و ...هتد چەندین چالاکی بەڕێوەبردووە، وەک هاوکاری هەندێ خێزانی کەم دەرامەت، بەشداری سیمیناری مامۆستای زانکۆ بۆ ڕۆژی ژینگە، بەشدارییان لە چالاکی کۆمیتەی ئازادی بۆ ئۆجالان لەپێناو شکاندنی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، بەشداریکردنی پرسە و مەراسیمی ماڵئاوای ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی کە لە شاری سلێمانی لەلایەن میتی تورکەوە کوژرا.

 

ڕژاک دژی بە ئامانجکردنی پێشەنگانی کورد وەستاوەتەوە

ڕژاک خاوەن هەڵوێست بووە بەرامبەر بە ئامانجکردنی پێشەنگانی کورد کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتانی داگیرکەرەوە، باوەڕی وایە کە دوژمنانی کورد لەپێناو لەناوبردن و تواندنەوەی گەلی کورددا هەمیشە پێشەنگانی کورد دەکاتە ئامانج، دژی ئەوەش وەک ڕژاک لە خەباتتدا بوون بۆ هۆشیاری و بەرز کردنەوەی تێکۆشان، لە مەراسیمی یادکردنەوەی شەهیدان و پێشەنگانی وڵاتیشدا بەشدارییان کردووە، لەوانە، بەشداریکردن لە مەراسیمی ساڵیادی شەهیدکردنی دیار غەریب، خەڵکی باشووری کوردستان و شۆڕشگێڕی کورد، بەشداری لە پرسەی زەکی چەلەبی، خەڵکی باکووری کوردستان کە لە شاری سلێمانی لەلایەن میتەوە تیرۆرکرا، بەشداری لە پرسەی شەهید کاروان لە ڕانی، بەشداری لە چلەی هەڤاڵ فەرهاد شنبلی، کە لە کەلار بە درۆنی تورکی شەهیدکرا، بەشداری ساڵیادی شەهید ئیقباڵ لە پێنجوێن، بەشداری لە ڕێزگرتنی شەهید ڕێزان جاوید.