١٠ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی پاریسا تێدەپەڕێت، دامەزراوە کوردییەکان داوای ڕوونکردنەوە دەکەن

لە پاش ١٠ ساڵ لە کۆمەڵکوژی سێ ژنە شۆڕشگێڕی کورد لە پاریس، دامەزراوە کوردییەکان جگە لەوەی داوای ڕوونکردنەوە لە حکومەتی فەرەنسا دەکەن، ڕێپێوانی سەرتاسەریش ئەنجام دەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣، ساکینە جانسز (سارا)، فیدان دۆغان (ڕۆژبین)، نوێنەری کەنەکەی پاریس و لەیلا شایلەمەز (ڕۆناهی)، ئەندامی تەڤگەری گەنجانی کورد لەلایەن دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) تیرۆرکران، ئامادەکارییەکانیش بۆ ساڵیادی ئەو تیرۆرە لەلایەن تەڤگەری ژنانی کوردی فەڕەنسا و ئەنجومەنی دیموکراتیکی کوردی فەرەنسا دەستیپێکردووە.

 

لە ١٠یەمین ساڵیدای کۆمەڵکوژی سێ ژنە شۆڕشگێڕ لە پاریسدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی دامەزراوە کوردییەکان داوای ڕوونکردنەوە لە حکومەتی فەرەنسا دەکەن، ئاماژەیان بەوەشکرد کە ئەو کۆمەڵکوژییە بە فەرمانی ئەردۆغان ئەنجامدراوە و ئەم هێرشە لە کەسایەتی ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەزدا، لە دژی هەموو ژنانی کورد و جیهان ئەنجامدرا،

 

هەەروەها تیشک خرایەسەر ئەوەی کە دەوڵەتی تورک و وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بەرپرسیارن لەو هێرشانە، هەربۆیە لە یادی ١٠ ساڵەی کۆمەڵکوژییەکەی پاریسدا، جارێکی دیکە ئیدانەی ئەو هێزانە دەکەن و ڕایانگەیاند، ئەو دامەزراوانە حکومەتی فەرەنسا بە بەرپرسیار دەزانن بەرامبەر بەو کۆمەڵکوژییە و داوا لە هەموو کورد و ژنان دەکەن لە ١٠یەمین ساڵیادی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و کۆمەڵکوژی شەرمەزار بکەن.

 

وا بڕیارە لە چواری مانگی داهاتووەوە چالاکییەکان بۆ ئەو ساڵیادە دەستپێبکات و ڕۆژی شەممە ٧ی کانوونی دووەم بە بەشداری جەماوەری کورد و دۆستەکانی لە سەرتاسەری ئەوروپا ڕێپێوانی دادپەروەریی جەماوەریی ئەنجام دەدرێت.

 

دواتریش لە ٩ی کانوونی دووەم بە مەراسیمێکی فەرمی لەلایەن شارەوانی پاریسەوە جارێکی تر یادی ئەو کۆمەڵکوژیە دەکرێتەوە و داواش لە خەڵکی کورد و دۆستەکانی کورد دەکەن بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری چالاکییەکان بکەن.