ئەندەنوسیا، بوومەلەرزەی جاڤا ٤٠ کەسی کوشت و سەدانی بریندار کرد

بوومەلەرزەیەک لە دوورگەی سەرەکی جاڤای ئەندەنوسیا ڕوویدا و زیاتر لە ٤٠ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدان کەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی داتاکانی ڕووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکی، بوومەلەرزەکە لە شارۆچکەی سیانجۆر لە ڕۆژئاوای جاڤا بە گوڕی ٥.٦ پلەی ڕێختەر لە قوڵایی ۱۰ کیلۆمەتر بووە، ئاماژە بەوەکردووە کە توانراوە هەست بە بوومەلەرزەکە بکرێت لە جاکارتای پایتەخت کە نزیکەی ١٠٠ کیلۆمەتر دوورە، هەروەها لە بینا بەرزەکان خەڵک ماڵەکانیان بەجێهێشتووە.

 

کاربەدەستان هۆشداری دەدەن لە ئەگەری گیان لەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەکەوە و دەڵێن لەوانەیە ژمارەی کوژراوەکان بەرزبێتەوە.

 

هێرمان سوهێرمان، سەرۆکی بەڕێوبەرایەتی شارۆچکەی سیانجۆر بە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە، بەلایەنی کەمەوە ٤٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و قوربانییەکان لە زۆر شوێنەوە بوون، کە نزیکەی ٧٠٠ کەس برینداربوون.

 

وتووشیەتی: ئەمبوڵانسەکان بەردەوامن لە هاتنیان لە گوندەکانەوە بۆ نەخۆشخانەکان.