لە شەقامەکانی ورمێ دروشمی ئازادی بەرزکرایەوە

ورمێ یەکێک لەو شارانەی کە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تیایدا بەردەوامە، لەو شارەدا هێزەکانی ڕژێم بە گولـلە هێرشیان کردەسەر خۆپیشاندەران.

ورمێ

 

دوای تیرۆر کردنی ژینا-مەهسا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە، ئەو ڕاپەڕینەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد، بەردەوامە، یەکێک لە ناوەندەکانی چالاکییەکان ورمێیە و لە زۆرێک لە شارەکانیشدا دروشم دژی ڕژێمی ئێران بەرزکرایەوە.

 

خۆپیشاندەرانی شاری ورمێ پەیامی پشتیوانییان لە ڕاپەڕینەکانی شاری مهاباد دووپاتکردەوە و هێزەکانی ڕژێم بۆ بڵاوەپێکردنی ناڕازییان بە گولـلە هێرشیان کردە سەر خۆپیشاندەران، ئەوانیش بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی و کوردستان دەبێتە گۆڕستان بۆ فاشیزم" وەڵامی هێرشەکانیان دایەوە.

 

یەکێک لەو ژنە گەنجانەی بەشداری ناڕەزایەتییەکانیان کردبوو بە ناوی شیما ورمێی باسی خۆپیشاندانەکەی کرد و وتی: ژنێکی گەنج لەلایەن هێزەکانی ڕژیمەوە تەقەی لێکرا و بە سەختی بریندار بوو، لە شەقامەکە کەوتە سەر زەوی، برینەکەی قوڵبوو بۆیە ژیانی لە مەترسیدایە.

 

لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مهاباد و سەردەشت، خۆپیشاندانەکان بەبێ دابڕان بەردەوامن و چالاکیی ناڕەزایەتی لە زۆرێک لە ناوەندەکاندا بەڕێوەچوو.