سیمینارێک لەسەر "پیاو، توندوتیژی و تیۆریی کوشتنی پیاوێتی" بۆ پیاوان پێشکەشکرا
گفتوگۆ و کۆرسێک لەسەر "پیاو، توندوتیژی و تیۆری کوشتنی پیاوێتی"، بۆ پیاوان لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستانەوە پێشکەشکرا.
سلێمانی
ئەمڕۆ، ١٩ی تشرینی دووەم، لە ناوەندی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان، گفتوگۆ و کۆرسێکیان لەسەر "پیاو، توندوتیژی و تیۆری کوشتنی پیاوێتی" ڕێکخست، بابەتەکانی کۆرسەکە لە لایەن نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی و نەبەز سەمەد، مامۆستای کۆلێژی هونەرە جوانەکان پێشکەشکرا.
"پێویستە پیاو سالاری، پیاو، پیاوبوون لە یەک جیابکرێنەوە"
لە سیمینارەکەدا کە تەنها تایبەت بوو بە پیاوان، نەجیبە قەرەداغی، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بابەتێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، لە بزووتنەوە فێمینیستییەکاندا بەردەوام تێکۆشان دژی زهنیەتی پیاوسالاری بەڕێوەدەبەن، ئەنجامەکەی بۆ ئەوە گەڕاوەتەوە کە پیاوسالاری کاتێک لە دەرگاوە دەکرێتە دەرەوە لە پەنجەرەوە دووبارە دێتە ژوورەوە، وە پێویستە پیاوسالاری، پیاو، پیاو بوون لە یەک جیا بکەینەوە.
نەجیبە قەرەداغی تیشکی خستەسەر سەرچاوەی ئەو توندوتیژیەی کە کۆمەڵگە ڕووبەڕووی دەبێتەوە بە تایبەتی ژنان و ژن کوشتن، وتی: ژن کوشتن خۆی قەیرانی پیاوێتیە، خودی ژن و پیاو خۆیان توندوتیژ نین، بەڵام هەندێک هۆکار وایانکردووە زهنیەتی پیاوسالاری زاڵ ببێت وەک ڕاوکردن، هەرچەندە ڕاوکردن شتێک بووە کە ژنانیش کردوویانە، بەڵام کۆمەڵگە هەمیشە پیاویان بە سەرکەوتوو زانیوە لەم ئیشەدا، هەروەها کاتێک پیاوێک چاکەیەک لەگەڵ ژنێکدا دەکات پێی دەڵێن ژنانی، ئەمەش وایکردووە کە پیاو ئەقڵیەتی پیاوسالاری و فۆڕمی ئەقڵیەتی دەوڵەتی جێبەجێ بکەن.
"وشەی پیاو هاوواتا کراوە لەگەڵ وشەی چاکە"
نەبەز سەمەد، مامۆستای کۆلێژی هونەرە جوانەکان، لە بەشێکی گفتوگۆکەدا بابەتێکی پێشکەشکرد و وتی: لە بزووتنەوەکانی ژنان و فێمینیزمدا زۆر درەنگتر ئاوڕ لە پیاوێتی دەدەنەوە، وە لە کۆمەڵگەی کوردیدا وشەی پیاو هاوواتا کراوە لەگەڵ وشەی چاکە، ڕەوشت و ڕاستی، چونکە کاتێک دەڵێن پیاوەتیمان لەگەڵ بکە، مانای ئەوەیە چاکەمان لەگەڵ بکە، یان کاتێک دەیانەوێت سور بن لەسەر قسەیەک دەڵێن پیاو قسەی کردووە، ئەمەش وایکردوە پیاوسالاری زاڵ بێت بەسەر هەموو بوارەکاندا."