مەهاباد لە ئاگر و خوێندا

ئەمڕۆ دوای بەخاکسپاردنی یەکێک لە قوربانیانی شەوی ڕابردوو لە شاری مەهاباد، خۆپیشاندەرانی تووڕە بە وتنەوەی دروشم دژی ڕژێمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی درێژەیان بە ڕاپەڕینەکەیان دا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ٢٧ی تشرینی یەکەم، دوای بەخاکسپاردنی یەکێک لە قوربانیانی شەوی ڕابردوو لە شاری مەهاباد، هاوڵاتییان بە گردبوونەوەی بەرفراوان و وتنەوەی دروشم بەرەو فەرمانگە و شوێنە حکومییەکان ڕێپێوانیان کرد و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە ناوەندەکانیان دا.

 

باس لەوەدەکرێت کە خۆپیشاندەران بە دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر، کوردستان گۆڕستانی فاشیستان، هەتا کوردێک بمێنێ کوردستانیش دەمێنێ" هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی پۆلیسی ١١ و ١٣، فرۆشگای کۆرۆش و کۆنترۆڵیان کردووە، هەروەها هەواڵەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە فەرمانداری مهاباد کەوتووەتە دەستی خەڵک.

 

ئەو وێنانەی بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن کە ئیدارەی دارایی و کۆمیتەی مەهاباد و بانکی ڕەفەح لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ئاگریان تێبەردراوە. خۆپیشاندەرا بەرەو شارەوانی شارەکە چوون و لە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دان.

 

بەپێی زانیارییەکان هێزە سەرکوتکارەکانی کۆماری ئیسلامی لە گەڕەکی گومرگی مەهاباد تەقەیان لە خەڵک کردووە. لە ناوچەکانی دیکەی شارەکەش، پێکدادانەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بەردەوامە و تا ئێستا ئاماری قوربانیان و بریندارەکان لە بەردەستدا نییە.