درێژەی ڕاپەڕینی ئێران تا سەرکەوتن

ڕاپەڕینی نەتەوەیی ماوەی ٥ هەفتەیە بەردەوامە و سەرەڕای سەرکوتکردنی دڕندانەی خۆپیشاندەران لەلایەن سوپا و هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٥ەمین هەفتەدا خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و سەرکوتکردنی دڕندانەی هێزە ئەمنییەکان دژی خۆپیشاندەران چڕتر بووەتەوە، شەوی ڕابردوو شەقامەکانی زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شاهیدی خۆپیشاندان بوون.

 

بەپێی ئەو هەواڵانەی کە شەوی ڕابردوو بڵاوکراونەتەوە، سەرەڕای دۆخی سەختی ئەمنی و پچڕانی ئینتەرنێت لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەوانە کرماشان، ورمێ، مەهاباد، پیرانشار، ئیلام، سنە، دیوانەدەرە، شنۆ، سەقز، کامیاران، قوروە، ئیلام و شارەکانی دیکەش، خۆپیشاندەران ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمی دژی کۆماری ئیسلامیان دەوتەوە.

 

نووسینی دروشم لەسەر دیوارەکان و بەشداری خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی لە ڕاپەڕینەکاندا نیشانەیەکی ڕوونی زوڵم و زۆرداری حکومەتی کۆماری ئیسلامییە کە دەنگی منداڵانی هێناوەتە پاڵ دەنگی ئازادیخوازان.

 

لە شارەکانی ئێران، لەوانە تاران، ئەسفەهان، هەمەدان، کەرەج، قەزوین، ساری، ڕەشت، تەبرێز، ئەردەبیل، یەزد، زەنجان، بەندەر عەباس، ئەهواز، خوزستان، کرمان، سیستان و بەلوچستان و شارەکانی دیکە، خۆپیشاندەران دروشمیان دژی کۆماری ئیسلامی دەوتەوە و ڕژانە شەقامەکان، هاوڵاتیانیش لە پەنجەرە و سەربانی شوقەکانیانەوە یاوەری ڕاپەڕینەکانی شەقامیان دەکرد و هاواریان دەکرد مەرگ بۆ خامنەیی.

 

باس لەوەکراوە کە ژمارەیەکی زۆر لە یاخیبووان دەستگیرکراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك له‌ خۆپیشانده‌ران به‌ هۆی ته‌قه‌كردنه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی هێزه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كان به‌ سه‌ختی بریندار بوون، به‌هۆی پچڕاندنی ئینته‌رنێت و فلته‌ركردنی ئه‌پڵیكه‌یشنه‌ ده‌ستگه‌راوه‌كان، هیچ زانیارییه‌كی دروست له‌سه‌ر ئاماری كوژراو و بریندار و ده‌ستگیركراوه‌كان نییه‌.

 

هاواری "مەرگ بۆ خامنەیی، مەرگ بۆ دیکتاتۆر، ژن ژیان ئازادی، مەرگ بۆ کۆماری ئیسلامی و ڕاپەڕین بۆ ئازادی" بەرز و خۆپیشاندەران بانگەوازی بەردەوامیدان بە ڕاپەڕینیان تا ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی و ئازادی گەلی ئێران بڵاودەکردەوە.