جۆری کونە پەپوویەکی ناوازە لە قەرەداغ بەدی دەکرێت

جۆری دەگمەنی کونەپەپوو، کە بە کونەپەپووی شاخدار ناسراوە، لە چیاکانی قەرەداغ دەردەکەوێت و بەمەش دەبێتە یەکەمجار کە ئەو جۆرە لە کونەپەپوو لە قەرەداغ تۆمار بکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

هانا ڕەزا، بەڕێوەبەری پرۆژەی پارێزراوی سروشتی قەرەداغ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە کە جۆری کونەپەپوویەک بۆ یەکەمجار لە قەرەداغ تۆمار کراوە.

 

بەپێی زانیارییەکانی هانا ڕەزا ئەم جۆرە لە کونەپەپوو پێشتر تەنها یەک جار تۆمارکراوە کە زاووزێ بکات لە سەرتاسەری عێراق و کوردستاندا، دەرکەوتنی ئەمجارەشیان دەبێتە دووەم جار کە تۆماری زاووزێ کردنیان بکرێت.

 

ئەم جۆرە لە كونەپەپوو كۆچەرییە، کە بە کوردی "کونەپەپووی شاخداری پێدەوترێت"، بە دەگمەن و بەشێوەیەكی پچڕ پچڕ سەردانی كوردستان دەكات و لە كۆتایی مانگی نیسان زاووزێ دەكات.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی هانا ڕەزا دەربارەی جۆری باڵندەکانی لە قەرەداغ تۆمار کراوە و بڵاویکردووەتەوە، تاکو ئێستا ٥ جۆر لە کونەپەپوو لە قەرەداغ تۆمارکراوە، بەم جۆرەی کونەپەپووەوە بوو بە ٦ کونەپەپوو، هەروەها ژمارەی جۆری باڵندەکانی قەرەداغ بوون بە ١٨٤ جۆر باڵندە کە تۆمار کراون.