ڤێرجینیا گامبا: پێویستە مافی مناڵان لە جەنگی وڵاتانی عەرەبی بپارێزرێت

لە میانەی سەردانێکی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی پاراستنی منداڵان و ململانێی چەکداری، بۆ قاهیرە، گرنگی مافی منداڵانی خستەڕوو، وتیشی: وڵاتانی عەرەبی زۆرترین ڕێژەی دانیشتوانەکەی منداڵان و گەنجانن بۆیە پێویستە ژینگەیەکی ئارامیان بۆ دابینبکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

 ڤێرجینیا گامبا، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی پاراستنی منداڵان و ململانێی چەکداری، دوێنێ ٨ی حوزەیران لە میانەی سەردانێکیدا بۆ قاهیرە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی میسر و کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی ئەنجامدا و باسی لەو ڕێگایانە کرد کە پێشێلکارییەکانی منداڵان کەمبکرێتەوە، بە تایبەت لە شەڕ و جەنگەکانی وڵاتانی عەرەبی.

 

ڤێرجینیا گامبا، بە پێویستی دەزانێت منداڵان پارێزگاریان لێبکرێت و مافەکانیان بپارێزرێت، چونکە پێیوایە منداڵان و گەنجان سەرچاوەیەکی بەهێز و کاریگەرن، هەروەها باسی لەوەکرد منداڵان و گەنجان لە وڵاتانی عەرەبی زۆربەی ژمارەی دانیشتوان پێکدەهێنن، ئەمەش وایکردووە ئەو جەنگ و ململانێیانەی هەن لەو ناوچانەدا زۆرترین منداڵ ئاوارە بکات و ببێتە هۆکارێک بۆ پێشێلکردنی مافەکانیان و لاوازبوونیان و چەندەها منداڵ توندوتیژی جەستەی و دەروونیان بەرامبەر بکرێت.

 

"دەبێت منداڵ بپارێزین لە هەموو بارودۆخێکدا"

ڤێرجینیا گامبا لە کۆتاییدا جەختی لەوەکردەوە کە پاراستنی منداڵان لە هەموو دۆخێکدا گرنگە، بە تایبەت لە کاتی جەنگ و ململانە سیاسییەکاندا، بۆیە پێویستە بۆ چارەسەری ئەو کەموکورتییانەی هەن دەربارەی مافەکانی منداڵان، هەنگاوی بەهێز بگیرێتەبەر بۆ چارەسەرکردنیان و هەموو لایەنە سیاسییەکان دۆخی منداڵان لە بەرچاو بگرن، "ئێمە نەک تەنها بەرپرسیارین لە پاراستنی منداڵان لە کاتی جەنگدا، بەڵکو بەرپرسیارین لە دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و تەندروست بۆیان، بە تایبەت وڵاتانی ناوچەی عەرەب وەک عێراق، لوبنان، لیبیا، فەلەستین، سۆماڵ، سودان، سوریا و یەمەن"