پەنابەرانی عێراق و تورکیا پلەی چوارەم و پێنجەمی ڕیزبەندیی پەنابەرانیان لە ئەڵمانیا گرتووە

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ئاشکرای دەکات، پەنابەرانی عێراق و تورکیا پلەی چوارەم و پێنجەمی ڕیزبەندیی پەنابەرانیان لە ئەڵمانیا گرتووە.

ناوەندی هەواڵ

 

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران ئامارێکی نوێی پەنابەرانی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست دەزگاکە کەوتووە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢، ژمارەی ئەو پەنابەرانەی کە لە ئەڵمانیا تۆمارکراون سێ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، یەک لەسەر سێی ئەو پەنابەرانە خەڵکی ئۆکراینان و لە دوای ئەویش سوریا دێت، هەروەها ئەفغانستان بە پلەی سێیەم، عێراق بە پلەی چوارەم و تورکیا بە پلەی پێنجەم دێن.

 

هەر بە پێی بەدواداچوونەکانی دەزگای لوتکە زۆربەی ئەو داواکارییانەی کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا پێشکەشکرابوون بۆ پەنابەری، ٢٥٥ هەزار کەس ناچاربوون ئەڵمانیا بەجێبهێڵن دوای ئەوەی داواکاری پەنابەرییان ڕەتکراوەتەوە.

 

ئامارەکەی دەزگای لوتکە باسی لەوەشکردووە، ژمارەی پەناخوازان لە ئەڵمانیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی تۆمار کرد و لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە نزیکەی یەک ملیۆن و ١٤ هەزار پەناخوازی نوێ، کە زۆربەی ئەو کەسانە لە ئۆکرایناوە چوون.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کۆی یەک ملیۆن و ١٤ پەنابەری نوێ کە ساڵی ڕابردوو ناویان تۆمار کراوە، یەک ملیۆن و هەزار پەنابەریان لە ئۆکرایناوە بووە، لەکۆی پەنابەرانی ئۆکراینا و سوریا و ئەفغانستان و عێراق و تورکیا، پەنابەرانی و ئۆکراینا نزیکەی لە ٧٥٪ی پەنابەرانی ئەڵمانیا پێکدەهێنن، بەجۆرێک ئەو زیادبوونەی لە ساڵی ڕابردوودا ڕوویداوە گەورەترین زیادبوون بووە دوای کۆتا سەرژمێریی کە لە ساڵی ٢٠٠٧ تۆمار کراوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، هۆکاری کۆچکردنی هاوڵاتییانی عێراق و باشووری کوردستان بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستەیە بە هاوڵاتییان و گەنجان، هەروەها لە تورکیا بەهۆی دەسەڵاتی تاکلایەنەی ئاکەپە و سەرکوتکردنی ئازادی خەڵک ناچار بە کۆچکردن دەبن، لە ئەفغانستانیش کاتێک تاڵیبان دەسەڵاتی گرتەوە دەست هەموو مافێکی لە ژنان زەوتکردووەو ژنان ناچارن لە وڵاتەکەیان هەڵبێن، لە ئۆکرایناش بەهۆی شەڕو هێرشەکانی ڕووسیاوە وڵاتەکە وێران بووەو ژیانی تیدانەماوە.