"ناسنامەی ٢١ منداڵی قوربانی بوومەلەرزەکە نەزانراوە"

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی خزمەتگوزاری خێزان و کۆمەڵگەی تورکیا، لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا ٤٧٤ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و ناسنامەی ٢١ منداڵیش نادیارە.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی خزمەتگوزاری خێزان و کۆمەڵگەی تورکیا لێدوانێکی لەبارەی ئەو منداڵە بێ کەسانەی کە لە ٦ی شوبات لە وێرانەکانی بوومەلەرزەکە دەرهێنران، بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەزار و ٩١٥ منداڵی بێ خیزان هەن کە لە داروپەردووەکان دەرهێنراون، ئەوەش هاتووە: "دوای داواکردن و پشکنینی ناسنامەکان، هەزار و ٧٨٦ منداڵ ڕادەستی خێزانەکانیان کراون، ٤١ منداڵ لە نەخۆشخانەکەدا کە چارەسەرکردنیان بەردەوامە، پرۆسەی چارەسەرکردنیان چاودێری دەکرێت".

 

"٤٧٤ منداڵ گیانیان لەدەستدا"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ٨٠ منداڵ کە چارەسەریان تەواو بووە لە دامودەزگاکانی سەر بە وەزارەتەکانن، ٢١ منداڵ هەن کە هێشتا ناسنامەکانیان لە دامودەزگاکانی چاودێریدا نەزانراوە، لە تۆمارە پزیشکییەکاندا ٧ منداڵ هەن، کە لەکاتی چارەسەرکردنیان لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە، لەهەمان کاتدا سیستمی زانیاری خێزان و منداڵ بەرێوەبردنی کارەساتەکە، بە پشتبەستن بەو ڕاپۆرتانەی پێیان گەیشتووە، لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەی ئەنجامیانداوە، دیاریکردووە کە ٤٧٤ منداڵ گیانیان لەدەستداوە.