داتا فەرمییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان؛ ٤٥ هەزار و ٩٦٨ کەس گیانیان لەدەستداوە

ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتدا کە لە ناوەندی شاری مەڕەش ڕوویدا، گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٤٥ هەزار و ٩٦٨ کەس.

ناوەندی هەواڵ

 

سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا شەوی ڕابردوو لە ناوەندی هەماهەنگی ئافاد لە پارێزگای هاتای، دوایین ئاماری بوومەلەرزەکانی شاری مەڕەشی ڕاگەیاند و بەو پێیە، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٤٥ هەزار و ٩٦٨ کەس، لەو ژمارەیە چوار هەزار و ٢٦٧ کەس کەسیان خەڵکی سوریان.

 

ئاماری ڕاستەقینە چەند هێندەی ئامارە فەرمییەکانە

کاتێک ئامارە فەرمییەکان بەم شێوەیە ڕادەگەیەنرێن، هاوڵاتیانی ١٠ پارێزگا کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ماڵوێرانییەکی زۆریان بەخۆوە بینیوە، دەڵێن، لە یەکەم ڕۆژەوە کەسوکاریان لە ژێر داروپەردوودا بوون و ڕزگار نەکراون، دوای دوو ڕۆژ تیمی ڕزگارکردن چووەتە زۆرینەی ناوچە وێرانبووەکان و لە ماوەیەکی کەمیشدا دەستیان لە ئۆپەڕاسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردن هەڵگرتووە و هەزاران کەسیان لە ژێر داروپەردوودا بەجێهێشتووە، هاوڵاتیان و زۆرێک لە شارەزایان دەڵێن ژمارە فەرمییەکان ڕاستی تەواو نیشان نادەن و ئاماری ڕاستەقینە چەند هێندەی ئەم ژمارانەیە.