شەوی ڕابردوو بوومەلەرزە لە مەڕەش ڕوویدایەوە

دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەی ٦ی شوبات، شەوی ڕابردوو بوومەلەرزەیەکی دیکە لە مەڕەشی باکووری کوردستان ڕوویدا.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو ١٨ی شوبات ناوەندی بوومەلەرزەزانی ئەوروپای ناوەڕاست ڕایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٥.٥ پلەی ڕێختەر لە مەڕەشی باکووری کوردستان ڕوویدا.

 

ناوەندەکە ئاشکرایکردووە کە بوومەلەرزەکە لە قوڵایی ١٠ کیلۆمەتر بووە و هیچ زانیارییەکی دیکەی ئاشکرا نەکردووە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ٦ی شوبات، بوومەلەرزەیەکی بەهێزی ویرانکەر بەگوڕی ٧.٨ پلە، ١٠ شاری باکووری کوردستان و تورکیای وێرانکرد، کە ناوەندەکەی مەڕەش بوو، هەروەها بووە هۆی وێرانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریاش، بەهۆیەوە زیاتر لە ٤٥ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان هەزاریش بریندار بوون.