لە هەولێر و گەرمیان هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە کۆدەکرێتەوە
کەمپەینی هاوکارییەکان بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لە باشووری کوردستانەوە فراوان دەبێت، لە هەولێر و گەرمیانیش کەمپەین ڕاگەیەندرا.
ناوەندی هەواڵ
کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، لەلایەن سێ ڕێکخراو لە ڕۆژی ٧ی شوبات لە شاری هەولێر دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە کاتژمێر ٨ی بەیانی تا ١٢ی شەو بەردەوام دەبێت.
هاوڵاتیان بەشێوەیکی گەرم پێشوازیان لە کەمپەینەکە کردووە، کەلوپەلی ناو ماڵەکانیان، جلوبەرگ، شیر و دایبی منداڵان سەرجەم پێداویستی ڕۆژانەی خەڵک کۆکراونەتەوە.
لەناو بازاڕی کەلار هاوکاری کۆدەکرێتەوە
هاوکات لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ژماریەک لە چالاکوانان و خێرخوازان و وڵاتپارێزان، کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکارییان ڕاگەیاند و ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی شوبات، لەناو بازاڕی کەلار دەستدەکەن بە کۆکردنەوەی هاوکارییەکان.
ڕێکخەرانی کەمپەینەکە داوا لە خەڵکی گەرمیان دەکەن، بەپێی توانای خۆیان بە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانی و مرۆیی خۆیان هەستن، بۆ هاوکاریکردنی خوشک و برایان لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان.
بەرەبەیانی ٦ی شوبات چەندین بوومەلەرزەی یەک بە دوای یەک کە بەرزترینیان ٧.٧ پلەی ڕێختەر بوو ١٠ شاری باکوری کوردستان و تورکیا، هەروەها ڕۆژئاوای کوردستان و سوریای هەژاند و لە باشووری کوردستانیش هەستیپێکرا، هەزاران کەس لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە و گەڕان بەدوای تەرمەکان بەردەوامی هەیە.