داوای ئازادکردنی دوو فیلمسازە ئێرانییەکە دەکرێت

سێ کۆمەڵەی چالاکوانانی سینەمای دیکۆمێنتی بەرامبەر دەستگیرکردنی دوو فیلمسازی دیکۆمێنتاری بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و داوایانکرد کە دۆخی ترس و نائارامی لە ژیانی فیلمسازانی دیکۆمێنتاریدا کۆتایی پێبهێنرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای چەند ڕۆژێک لە دەستگیرکردنی فیلمسازانی دیکۆمێنتی مینا کشاوەرز و فەیروزە خوسرەوانی، دوێنێ ١٥ی ئایار، سێ کۆمەڵەی چالاکوانانی سینەمای دیکۆمێنتی هەڵوێستی خۆیان خستەڕوو داوای ئازادکردنی هەردوو فیلمسازەکەیان کرد.

 

لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوەداوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر داوای پارێزەران و کەسوکاری ئەو خۆشەویستانە ڕەتمان کردەوە وەڵامی ئاشکرا بدەینەوە تەنانەت بۆ خستەڕووی زانیاریش، بەو ئومێدەی هیچ بەڵگەیەک نەکەوێتە دەست لەسەر فیلمسازەکان، بەڵام سەرەڕای چەند بەڵێنێک دوای پێنج ڕۆژ هیچ زانیارییەکی ڕوونمان لەسەر دۆخی هاوپیشەکانمان نییە و ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیش لەبارەی ئەو دەستگیرکردنانەوە نییە کە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

 

بۆیە کۆمەڵەکان داوادەکەن کە هەرچی زووە زانیاری لەبارەی هاوپیشەکانیان بدرێت و ئازاد بکرێن، ئەم بەیاننامەیەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژی ڕابردوو محەمەد ڕەسول ئاف، دەرهێنەری ناسراوی ئێران ئاماژەی بەوەدا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە هەڕەشەیان لێدەکرێت.

 

مینا کشاوەرز، کە کار لەسەر فیلم و دیکۆمێنتاری دەکات، لە ١٠ی ئایار لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستگیرکرا، هەروەها فەیروزە خوسرەوانی بە تەلەفۆن بە خێزانەکەی ڕاگەیاند کە دەستگیرکراوە و ڕایگەیاندووە، گوازراوەتەوە بۆ بەشی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین، ئەوەش ڕاگەیەندرا کە لەو ماڵەی کاری دیکۆمێنتاری تێدا کراوە، گەڕان و پشکنین ئەنجامدراوە و دەست بەسەر مۆبایل و لاپتۆپ و کەلوپەلە کەسییەکانیدا گیراوە.