دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران؛ پۆلەکان بەتاڵن لە خوێندکار

لەگەڵ یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران، وەزارەتی پەروەردە و ڕۆشنبیری ڕایگەیاند کە بە هەزاران خوێندکار لە خوێندن دابڕاون.

ناوەندی هەواڵ

 

لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران، وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند کە نزیکەی ٨٠٠ هەزار کەس لە خوێندن دابڕاون، بە پێی ئامارەکانیش، سەرەڕای کردنەوەی قوتابخانەکان، هێشتا ٧٩٠ هەزار خوێندکار لە قوتابخانەکاندا ناویان تۆمار نەکراوە، شارەزایانیش ئەم ئامارە بە کارەساتبار دەناسێنن.

 

جێی ئاماژەیە، "وازهێنان لە خوێندن" واتە بەردەوامنەبوون لە خوێندن بە ئارەزووی تاک، ئەمە لە کاتێکدایە بەشێکی زۆر لە خوێندکاران بەهۆی بارودۆخی ئابوری خێزان و کێشەکانی تری وەک نەبوونی قوتابخانە لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونیان لە درێژەدان بە خوێندن بێبەش دەبن.

 

بە هۆی قەیرانی ئابووری لە ئێران ساڵانە ژمارەی ئەو کەسانەی کە قوتابخانە جێدەهێڵن زیاد دەکات، زۆرێک لە خێزانەکان بەهۆی نەتوانینی دابینکردنی کەرەستەی سەرەتایی، لەوانەش پەرتوک و پێداویستیی و ...هتد، ڕێگری لە منداڵەکانیان دەکەن کە بەردەوام بن لە خوێندن، لە لایەکی ترەوە تێکچوونی بارودۆخی ئابووری لە کۆمەڵگەدا دەبێتە هۆی ئەوەی خوێندکاران بۆ پەیداکردنی پارە و بژێوی خێزانەکانیان ڕوو لە کارە جیاوازەکان بکەن، ئەمەش ڕێژەی کاری منداڵان زیاد دەکات.

 

پێداویستی خوێندن بەردەست نییە

ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ئاماژە بە "کەمبوونەوەی کوالێتی خوێندنی خوێندکاران" دەکەن. لە ئەنجامدا دەتوانرێت بڵێین شێوازی خوێندن لە قوتابخانەکانی ئێرانیش جێگەی ڕەزامەندی نییە و بەشێکی وازهێنانی خوێندکاران پەیوەندی بەمەوە هەیە.

 

لە کاتێکدا ڕژێمی ئێران هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەکات کە خوێندن لە قوتابخانەکانی ئێراندا بەخۆڕاییە؛ بەڵام قوتابخانەی بێبەرامبەر لە ئێران زۆر کەمن. هەروەها نەبوونی پێداویستی پەروەردەیی، نەبوونی مامۆستای کارامە و ناکارامەیی پەرتوکی وانەکان لە قوتابخانە حکومییەکان، پەروەردەی لە ئێران کردووەتە ئاڵنگارییەکی گەورە، بۆیە هەندێک لە خێزانەکان کە پێگەی ئابووری لەباریان هەیە توانیویانە ئەم کێشەیە بە قوتابخانە ناحکومییەکان و دابینکردنی پێداویستی پەروەردەیی گونجاو چارەسەر بکەن و ئەو خێزانانەی باری ئابوورییان خراپە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە سووڕی خوێندن دادەبڕێن.

 

بەڕێوەبەری پەروەردەی شاری گەناڤە، بە ئاماژەدان بەم بابەتە، ڕایگەیاند کە: دەبێت هەندێک وانە لە نێوان ٣٥ بۆ ٤٠ کەس و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتیشدا بە زیاتر لەم ژمارەیە ئەنجام بدەین.

 

پێشتر زۆرێک لە بەرپرسان جەختیان لەسەر نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان دەکردەوە و ئاماری جیاواز بە پشتبەستن بە بینای وێرانبووی قوتابخانەکان لە ناوچە جیاوازەکاندا بڵاودەکرایەوە، لەمبارەیەوە جێگری تەکنیکی و سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوە و ئامێری قوتابخانەکان ڕایگەیاند کە: زیاتر لە ١٠٠ هەزار پۆل پێویستیان بە چاککردنەوە هەیە.

 

حکومەتی ئێران هەمیشە بانگەشەی "دادپەروەری پەروەردەیی" دەکات بە مانای "بە یەکسانی دەستڕاگەیشتنی هەموو خوێندکاران بە بواری پەروەردەیی، کەڵک وەرگرتن لە دەرفەت و کەرەستەی پەروەردەیی یەکسان، دەرفەتی کەڵک وەرگرتن لە فەزای پەروەردەیی نوێ و تۆکمە"، لە سەرتاسەری ئێراندا، بەڵام زۆرێک لە ناوچەکانی ئێران بە شارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان و شارە جۆربەجۆرەکانی سیستان و بەلوچستان بە شێوەیەکی سیستماتیک لە پێداویستی پێویست بێبەش کراون. بۆ نموونە نەبوونی قوتابخانە لەو ناوچانە وا دەکات زۆرێک لە قوتابیان مەودای دوور و درێژ بۆ خوێندن بڕۆن، لەم نێوەندەدا بیرکردنەوەی پیاوسالاری لە کۆمەڵگەدا، بەهۆی نەبوونی قوتابخانە لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونیان دەبێتە هۆی قەدەغەکردنی خوێندنی کچان.