"با لە ٨ی ئاداردا بە جۆشەوە لەسەر شەقامەکان بین"

ژنانی ئامەد بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان بۆ ماوەی هەفتەیەک لە گۆڕەپاندا دەبن، ئامینە ئاکشاهین، ئەندامی کۆمیتەی ڕێکخستنی داکاپ ڕایگەیاند، لە ٨ی ئاداردا گردبوونەوەیەکی گەورەی کۆتایی ئەنجام دەدەن.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکارە و هەموو ساڵێک لەلایەن ژنانی کوردستانەوە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازی لێدەکرێت، ئەمساڵیش چەندین چالاکی لە شار و شارۆچکەکان بەڕێوەدەچێت. ژنان لە وان، ئامەد، ئیلح و ماردین لە ٨ی ئادار گردبوونەوەی گەورە ئەنجام دەدەن و ژنانی ئامەد، کە بە درێژایی هەفتەی ٨ی ئادار لەسەر شەقامەکان دەبن، تیشکیان خستەسەر گۆشەگیری، توندوتیژی دژی ژنان، کۆمەڵکوژی دژی ژنان، هێرشکردنە سەر دەستکەوتەکان، مانگرتن لە خواردن لە زیندانەکاندا.

 

بە سەرپەرشتی پلاتفۆرمی ژنانی دیجلە ئامەد-داکاپ، بەرنامەیەک ئامادەکرا کە دینامیکی ناوخۆیی و ڕێکخراوەکانی ژنانی شارەکەی لەخۆگرتبوو، لەم چوارچێوەیەدا ئەو ژنانەی کە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەرنامەیەکیان ڕێکخست، چالاکییەکانی وەک گەشتی پاسکیل، دابەشکردنی بڵاوکراوە، نمایشکردنی سینەما، کۆبوونەوەی ژنان، چاندنی نەمام و ناردنی کارت بۆ زیندانەکانیان بەڕێوەبرد و لە ٨ی ئاداریشدا بە گردبوونەوەیەک کۆتایی بە چالاکییەکانیان دەهێنن.

 

ئامینە ئاکشاهین، لیژنەی ئامادەکاری ٨ی ئاداری داکاپ بانگهێشتی هەموو ژنانی دانیشتووی شارەکەیان کرد بۆ ئەو گردبوونەوە گەورەیەی کە ئەنجامی دەدەن، ڕایگەیاند کە چ لە جیهان و چ لە تورکیا ژنان لە ژێر هێرشی سیاسەتی گەورەدا دەژین و ڕایگەیاند، کە ٨ی ئادار ڕۆژی ڕێکخستن و هاوارکردنی بەرخۆدانییە، زیادبوونی سیاسەتەکانی شەڕ و قەیرانە ئابوورییەکان زۆرترین کاریگەری لەسەر ژنان هەیە و توندوتیژی دژی ژنان و کوشتن لەسەریان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات، هەموو ئەمانەش بەهۆی سیاسەتەکانی دەسەڵاتی پیاوانەوەیە.

 

"لەم پڕۆسەیەدا کە هێرشەکان قورستر دەبن، گۆڕەپانەکان بە بەتاڵی ناهێڵینەوە"

ئامینە ئاکشاهین ڕایگەیاند کە ئەوان ماڵئاوایی لە سیاسەتەکانی دژ بە ژنان دەکەن و لە ٨ی ئاداردا لە گۆڕەپانەکەدا دەبن و وتی: ئێمە وەک ژنانی ئامەد لە ڕێگەی بەرنامەی هاوبەشەوە بە پێشەنگایەتی داکاپ و هەروەها بەرنامە سەربەخۆکانی هەموو ڕێکخراوەکانی ژنان لە گۆڕەپانەکەدا دەبین، ڕۆژ بە ڕۆژ هێرش بۆ سەر ژنان لە وڵاتدا زیاتر دەبێت و هێرش بۆ سەر شوناس و کولتوور و زمانی دایکی ژنانی کورد قورستر بووە، پێمان وایە لەم پرۆسەی هێرشکردنە سەر دەستکەوتەکان و ناسنامەی ژناندا زۆر گرنگە گۆڕەپانەکان بە بەتاڵی نەهێڵینەوە.

 

"ڕێکخستن و یەکڕیزی سەرەتاییترین پێداویستیمانە"

ئامینە ئاکشاهین، وەک ژنێک، جەختی لە گرنگی ڕێکخستن و خەبات کردەوە لەم پرۆسەیەدا کە هەژاری ژنان لە زیادبووندایە و هێرشەکان دژی دەستکەوتەکانیان بەردەوامن و وتی: ئێمە ژنان زۆر باش دەزانین بنەمای ئەو کێشانە چییە، ئەم گرفتانە لە ئەنجامی سیاسەتی دەسەڵاتدارە تاک بیرەکان کە خزمەت بە سیستمی سەرمایەداری دەکەن، سەرهەڵدەدەن. پێویستمان بە هاودەنگیی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی لە دژی ئەمانە بڵێین 'بوەستن' و بزانین کە ئێمە تەنیا نین، ئێمە لە ٨ی ئاداردا ئەم ڕێکخراوە زیاتر فراوانتر دەکەین، لە ٨ی ئادار لە گۆڕەپانەکاندا دەبین بۆ خەبات لەسەر بنەمای دیدگای ژنان و بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و گۆڕانکاری.