هەموو ساڵێک هیواکانیان بۆ گەڕانەوە بۆ شارەکەیان نوێ دەبێتەوە

لەگەڵ هاتنی ساڵی ٢٠٢٤، هیوای ژنانی ئاوارە لە عەفرینی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نوێ دەبێتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ خاکی داپیران و باپیرانیان کە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورک و چەتەکانیدایە.

ڕوبارین بەکر

 

شەهبا- هەموو جیهان ئامادەکاری دەکات بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ بە کەش و هەوایەک کە چالاکی جۆراوجۆری تێدایە، بەڵام ئاوارەکانی شاری عەفرینی داگیرکراو لە کامپەکانی سەردەم و بەرخۆدان لە پارێزگای شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هیواخوازن بگەڕێنەوە شارەکەیان کە لە ساڵی ٢٠١٨ لە لایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە داگیر کراوە.

 

ژنانی ئاوارەی عەفرینی داگیرکراو کە لە ناوچەی شەهبا دەژین لە بارودۆخێکی تراژیدیدان و لەژێر گەمارۆی حکومەتی شام و هێرشە داگیرکەرەکانی تورکیادان، بەلام هێشتا هیوایان هەیە لە ساڵی نوێدا بگەڕێنەوە بۆ شارەکەیان.

 

ئەلفات حەنان وتی: لەکاتی ئاوارەبوونمان لە عەفرین، سیاسەتی قڕکردن لە دژمان نەوەستاوە بۆ شکاندنی ئیرادەمان، جا لەلایەن داگیرکەری تورکیاوە بێت، کە هەوڵدەدات جارێکی دیکە ئێمە ئاوارە بکات بۆ داگیرکردنی خاکی زیاتری سووریا و گۆڕینی دیمۆگرافیا، یان سیاسەتی برسێتی کە لەلایەن حکومەتی شام لە ڕێگەی گەمارۆ خنکێنەرەکەیەوە بەڕێوەدەچێت.

 

"هیوادارین لە ساڵی نوێدا هەموو شارە داگیرکراوەکان ئازاد بکرێن"

ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی ٢٠٢٣ جیاواز نەبوو لە ساڵانی پێشوو لەژێر بارودۆخی ئاوارەبووندا، چونکە سیاسەتی حکومەتی شام و داگیرکاری تورکیا کە دوور لە مرۆڤایەتییە، بە پێشێلکردنی مافەکانیان نەوەستاو ئەو وڵاتانەی دەستوەردانیان کرد ئازارەکانیان دوو هێندە کرد، وتیشی: لە سەرەتای ئەمساڵەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەستمان کردووە بە لەدەستدانی هەموو پێداویستییەکانی ژیان، دوای گەمارۆدان و هێرشە بەردەوامەکان، کە بەهۆی کارەساتی بوومەلەرزەکەوە خراپتر بوون کاریگەری لەسەر بارودۆخی ژیان هەبوو، سەرەڕای هەموو ئەمانە، بێهیوا نین، هەمیشە بەرخۆدان دەکەین بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ عەفرین، هیوادارین ساڵی نوێ باش بێت و هەموو شارە داگیرکراوەکان ئازاد بکرێن.

"داگیرکەر لەسەر خاکەکەمان قبوڵ ناکەین"

زەکیە بەرەکات ئاماژەی بەوەکرد، ئەو ئازارانەی تێیدا دەژین لە زیادبووندایە، وتی: داگیرکاری بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدات ئیرادەو سووربوونمان بشکێنێت بۆ ئەوەی لە داواکارییەکانمان دوورمانبخەنەوە و لە عەفرین دەربچین، لە کاتێکدا حکومەتی شام هەوڵدەدات بە توندکردنەوەی گەمارۆ خنکێنەرەکان بەردەوام نەبین لە بەرخۆدان، بەڵام بەرگەی هەموو بارودۆخێکی سەخت دەگرین و داگیرکەر لەسەر خاکەکەمان قبوڵ ناکەین، لە ڕێگەی بەرخۆدانی خۆمانەوە سەلماندمان، تاڵانکردن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان شەرمەزار دەکەین کە لەلایەن داگیرکاری تورکیاوە ئەنجام دەدرێن.

 

لە لایەکی دیکەوە، کۆنای مستەفا هیوای خواست کە پێشێلکارییەکانی دژ بە خەڵکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کۆتایی پێبێت بۆ ئەوەی خەڵکەکە بە سەلامەتی و ئاشتی بژین دوور لە شەڕ و هێرش، ئاوارەکان بگەڕێنەوە باوەشی عەفرین و هەموو ژنان ئازادی خۆیان بەدەست بهێنن و یەکگرتوو بن دژی کۆیلایەتی و نادادپەروەری.

 

تۆلین جولاق ساڵی ٢٠٢٣ی بە "ساڵی ڕەش" پێناسەکرد و چەندین کارەساتی سروشتی و پێشێلکاری لە سەرانسەری جیهاندا بینی، وتی: بەو هیوایەی کە بارودۆخەکە لە هەموو ئاستەکاندا باشتر بێت لە ساڵی نوێدا و هەموو ئەو شارانەی لەلایەن تورکیا و بەکرێگیراوەکانی داگیرکراون ئازاد بکرێن و گەل بە سەلامەتی بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.