"دەنگی دیموکراسی و ئازادی لە سوەیداوە بەرز دەبێتەوە"

ئەمینە عومەر، هاوسەرۆکی مەسەدە ڕایگەیاند، ژنان بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدارییان لە چالاکییەکانی سوەیدا کردووە و هەروەک چۆن شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا کاریگەری لەسەر ژنانی سوەیدا هەبووە، ئەو خەباتەی ئەمڕۆ دەیکەن کاریگەری لەسەر هەموو ژنانی سووریا دەبێت.

بێریتان ساریا

 

ناوەندی هەواڵ- لە پارێزگای سوەیدا لە ڕۆژئاوای سووریا، کە دراوسێی ئوردن و درعا و شامە، ماوەی ١٣ ڕۆژە چالاکی دیموکراتیک بۆ ئاشتی بەڕێوەدەچێت، بەشدارییەکی زۆری ژنان لە چالاکییە گشتییەکاندا هەیە، لە چالاکییەکاندا هەوڵ دەدرێت وەک "خۆپیشاندانێک دژی بەرزبوونەوەی نرخەکان و خراپی بارودۆخی ژیان" نیشانی بدەن، بە دروشمی دیموکراتیکردنی سووریا و ئەوانەی لەسەر ئازادی ژنان و بە دروشمی کراوەوە ڕاستی و سروشتی چالاکییەکان نیشان دەدەن.

 

لە سەرەتای چالاکییەکانەوە دامەزراوەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی شام لەلایەن خەڵکی سوەیداوە داخراون و داوای خۆبەڕێوەبردن و بڕیاردان دەکەن.

 

ئەمینە عومەر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک "مەسەدە" ڕۆڵی ژنانی لە چالاکییەکانی سوەیدا هەڵسەنگاند و تیشکی خستە سەر ئەو چالاکییانەی لە ٢٠ی ئابەوە دەستی پێکردووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، وتی: لەگەڵ ژن و منداڵ و پیاو و بەساڵاچووان، دانیشتوانی سوەیدا هەموو ڕۆژێک چالاکییەکانیان لە گۆڕەپانی ئەلکەرەمە ڕێکدەخەن، خەڵکی سوەیدا و حزبەکانیان چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پەڕەیەکیان بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند کە بەڕێوەبەرایەتییەکی کاتییان ڕاگەیاندووە، ئەوان دەیانەوێت لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵگەییەوە خۆیان ڕێکبخەن، سوەیدا تایبەتمەندییەکی سەربەخۆی هەیە، چەندین حزب و سەرکردەی سیاسی هەن، پارتە سیاسییەکان دەیانەوێت ئەنجومەنێک وەک سێبەرێکی سیاسی پێکبهێنن و ئیرادەی سیاسی بنیاد بنێن، چالاکییەکان لە زیادبووندایە و دروشمی نوێ ڕۆژ بە ڕۆژ ئامادە دەکرێت، خەڵکی سوەیدا بە بیر و دروشمەکانیانەوە پەیام بۆ هەموو سوورییەکان دەنێرن و دەڵێن ئەم چالاکییە تەنها بۆ ناوچەی سوەیدا نییە.

 

"چالاکوانان چارەسەرێکی سیاسی و دیموکراتیکیان بۆ سووریا دەوێت"

ئەمینە عومەر ئاماژەی بەوەدا، کە قەیرانی ئابووری لە سووریا، بەرزی نرخ و هەژاری پەیوەستە بە قەیرانی سیاسی و چارەسەر نەبوونیەوە و وتی: چالاکییەکانی سوەیدا تەنها دژی نرخ نین، بەڵکو لەگەڵ داواکاریی سیاسی و دیموکراسیدا ڕێکخراون، کاتێک سەیری دروشمەکانی خەڵکی سوەیدا دەکەیت، دەبینیت کە ئەوان بۆ هەموو سووریان و دەیانەوێت گۆڕانکاری لە سەرانسەری سووریادا بکرێت، خەڵک دەیانەوێت بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ٢٢٥٤ جێبەجێ بکرێن، دەوڵەت دووبارە لەسەر هاوڵاتیبوونی ئازاد خۆی دابمەزرێنێت، بۆ ئەوەی خۆبەڕێوەبردن قبوڵ بکات.

 

"هەڵوێستی سوەیدا ڕوون و ئاشکرایە"

ئەمینە عومەر هەڵسەنگاندنی شێوازی بەڕێوەبەرایەتی شام و هێزە جیهادییەکانی ژێر کۆنترۆڵی تورکیا بۆ چالاکییەکانیان کرد، کە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی سووریا وەسف دەکەن و وتی: بەڕێوەبەرایەتی شام بەهۆی هەژمار و نیگەرانییە جۆراوجۆرەکانیەوە توندوتیژی دژی چالاکوانان ئەنجام نادات، ئەو دەزانێت کە ئەگەر توندوتیژی نزیک ببێتەوە، چالاکییەکان زیاتر بڵاو دەبنەوە بۆ ئەو شوێنانەی کە عەلەوی تێیدا دەژی، بەڵام لە لایەکەوە هەڕەشە لە چالاکوانان دەکات لە میدیای دیجیتاڵدا، ئۆپۆزسیۆن هەروەها دانیشتوانی سوەیدا تۆمەتبار دەکات بە پشتیوانیکردنی ڕژێم چونکە لە ڕووی جوگرافییەوە نزیکە لە شام، بۆیە ئێستا هەوڵدەدات چالاکییەکانیان پێچەوانە بکاتەوە، ئەوان دەیانەوێت خەڵک تەنها لە ڕۆژانی هەینیدا چالاکی ئەنجام بدەن و دەیانەوێت  ئیسلامی بن، هەروەها هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانیانەوە لە دژی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و هەرێمەکانمان هەنگاو بنێن، بە دڵنیاییەوە، بەڕێوەبەرایەتی شام لە هەوڵەکانی بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە هەوڵ دەدات، بەڵام خەڵکی سوەیداو و ئەو ژنانەی لەوێ دەژین ئەزموونیان هەیە، هەروەک چۆن لە سەرەتای شەڕی سووریاوە لەگەڵ شام و ئەو هێزانەدا نەبوون، ئەوان بە هێزەکانی خۆیان بەرگرییان لە خۆیان کردووە و ئەمڕۆش لەسەر هێڵی خۆیان چالاکی ئەنجام دەدەن.

 

"ژنان چالاک و کاریگەرن لە چالاکییەکاندا"

ئەمینە عومەر ڕایگەیاند کە مەسەدە هەموو ڕۆژێک و هەموو جارێک چاودێری چالاکییەکان دەکات و بەشداریکردنی چالاکانەی ژنان لە چالاکییەکاندا هیوابەخش و دڵخۆشکەرە، وتی: ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە چالاکییەکانی سوەیدا، هێز و توانایان هەیە، لە چالاکییەکانداکردنەوەی پانکارت بۆ هەڤرین خەڵەف و بەشداریکردن لە خەباتیدا زۆر بە نرخ و گرنگە، ئەمە پەیامێکە بۆ هەموو ژنانی سووریا، ئەوان پەیامێک دەنێرن کە ژنان مافیان هەیە، ژنان دەبێت مافەکانیان مسۆگەر بکرێت لە ڕێگەی بەشداریکردن و خەباتیان، هەندێک خاڵ هەیە لە یاسای بەڕێوەبردنی شام سەبارەت بە مافەکانی ژنان، بەڵام لە کرداردا نوێنەرایەتی ژنان و کۆتایان ناکات، بەشداری ژنان لە سیاسەت و دامەزراوەکان و دەستوور ١٠٪ یش نییە، هێشتا هیچ میکانیزمێک نییە بۆ پاراستنی ژنان لە توندوتیژی، هیچ ڕێوشوێنێکی باش نییە بۆ ڕێگری لە هاوسەرگیری لە تەمەنێکی زوودا، ئەمڕۆ ژنان لە سوەیدا ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ بەرزکردنەوەی دەنگیان دەیانەوێت هەموو ژنان پێکەوە مافەکانیان بەدەستبهێنن.

 

"پێویستە وەڵامی پەیامی ژنانی سوەیدا بدەینەوە"

ئەمینە عومەر ئاماژەی بەوەدا کە ژنان لە بەشەکانی دیکەی سووریا دەبێت وەڵامی داواکارییەکانی ژنانی سوەیدا بدەنەوە و وتی: دروشمی ژنانی سوەیدا لە چالاکییەکاندا تەنها بۆ نرخ و برسێتی و بارودۆخی ئابووری نییە، ژنان دەیانەوێت بەشداری لە سیاسەت و هەموو بوارەکانی ژیاندا بکەن، ئەوان دەیانەوێت مافە یاسایی و سیاسی و دیموکراتیکەکان بەدەستبهێنن، هەوڵ دەدەن سووریا دیموکراتیک بکەن و دەیانەوێت خەڵک و ژنان لە ئاشتی و ئاسایشدا بژین، ئەمڕۆ ژنان لە سوەیدا داوا لە هەموو ژنانی سووریا دەکەن کە هەستن و بگەنە ئاستێکی باش، ئەمڕۆ لەسەر ئەم بنەمایە، پێویستە هەموو ژنان دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە، بۆ ئامادەکردنی دەستووری سووریا، پێویستە نوێنەرایەتییەکی بەهێزی ژنان هەبێت، دەتوانین بڵێین ئەمڕۆ ژنان دەتوانن ببنە ڕێبەری گۆڕانی دیموکراسی، ئەوانەی سەرکردایەتی گۆڕان دەکەن ژنن، ئەمڕۆ ژنان بەدوای ئازادیدا دەگەڕێن کاتێک سەیری چالاکییەکانی سوەیدا دەکەین، دەبینین بەشداری ژنان لە زیادبووندایە و بەهێزتر دەبێت.

 

"سنوورەکانی ترس تێپەڕێندراون"

ئەمینە عومەر وتی: ژنانی سوەیدا هەر لە سەرەتاوە گرنگییان بە شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوا داوە و هەوڵیان داوە لێی تێبگەن، چەندین جار هاتبوون بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەزموونی شۆڕش و خۆبەڕێوەبردنمان، ئەوان دەیانویست سوود لە ئەزموونەکانمان وەربگرن، ئەوان بینییان کە چۆن ژنان خۆیان ڕێکدەخەن و چۆن بەشداری لە سیاسەت و هەموو لایەنەکانی ژیاندا دەکەن و نوێنەرایەتی دەکەن، لێکۆڵینەوەیان لە سیستمی پەروەردە و پەروەردەی زانکۆ کرد، زۆر کاریگەر بوون بە شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئێمە تەنانەت بانگهێشت کراوین بۆ سوەیدا بۆ ئەوەی ئەزموونی خۆمان نیشان بدەین، ئەمڕۆ دەبینین کە ژنانی سوەیدا پێشکەوتنێکی باشیان لە خەباتدا بەدەستهێناوە، ئامانجیان ئەوەیە کە سیستمێک بۆ خۆیان دروست بکەن، خواستی ئەوان بەهێزە و کار بۆ ئەوە دەکەن، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە چالاکییەکاندا دەکەن ئێستا سنووری ترسیان تێپەڕاندووە.

 

"پشتیوانی لە چالاکییەکان دەکەین"

ئەمینە عومەر لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بەناوی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و مەسەدەوە پشتیوانی لە چالاکییەکانی سوەیدا دەکەین لەبەر ئەوەی ئەم چالاکییانە دیموکراسی و ئاشتییانە و ئازادن، وەک ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و وەک گەل، ئێمە مۆدێلی خۆمان بنیادناوە و مافەکانمان بەدەستهێناوە، ئەگەر چالاکییەکان لە سوەیدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ژنان و خەڵکی ئەوێ لە هەرێمێکی دیکەی سووریا سەرکەوتوو دەبن، ئەم دۆخە خزمەت بە دیموکراتیکردنی سووریا و ئازادی ژنان دەکات.