لە ناوچە ژێرئاوکەوتووەکان، تاڵیبانی چەکدار بیر لە پڕکردنەوەی گیرفانی خۆیان دەکەنەوە

ژنانی چادرنشین دەڵێن: نیگەران نین لە لەدەستدانی کەلوپەلەکانمان، بەڵام لە ناوچە جیاوازەکانەوە هەواڵمان بیست سەبارەت بە هاوسەرگیریی زۆرەملێ و دەستدرێژی سێکسی لەلایەن تاڵیبانەوە بۆ سەر ژنان، بۆیە ناچار بووین کچە گەنجەکانمان بنێرین بۆ لای کەسوکارمان.

بەهاران لاهیب

 

 مەیدان وەردەک- چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە پارێزگای مەیدان وەرداک لە شارۆچکەی جەلزیز، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ، لافاو لە چەند گوندێک ڕوویدا، کە لە زۆربەی گوندەکاندا زەوی و خانووی کشتوکاڵیی لەناوبرد و کردیان بە وێرانە، لە گوندی تەکانەش جگە لە زیانی ماددی، ٢٢ کەس گیانیان لەدەستدا، کە ژن و پیاو و منداڵ بوون.

 

خەڵکی ناوچەکە باس لەوە دەکەن، کە ساڵانە لافاو لەم ناوچەیە ڕوودەدات، بەڵام ئەمساڵ ترسناکترین لافاو بوو کە هەموو ماڵەکانی ئێمەی وێران کرد و ئازیزانمان لەدەستدا، لە نێوان کاتژمێر ١:٣٠ بۆ ٢ی بەیانی هەمووان خەوتبوون کاتێک دەنگێکی ترسناک لە خەو هەڵی ساندن، ئاو بە هەموو شوێنێکدا بڵاوببووەوە، ئەو خێزانانەی ماڵەکانیان دوو نهۆم بوو، هەڵاتن بۆ نهۆمی سەرەوە، دوای چەند ساتێک چڕی ئاوەکە زیاتر بوو و بەردی گەورەیان لەگەڵ خۆی هێنا، کە بووە هۆی وێرانبوونی خانووەکان، بۆیە خەڵک ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و پەنایان بۆ ئەو چیایە برد، کە لێیانەوە نزیک بووە.

 

نادیە زەمانی، ژنێکی گەنجە و بە هۆی لافاوەکەوە، دایکی و باوکی و خوشکێکی گیانیان لەدەستدا، لە لایەک خەمی لەدەستدانی ئازیزانی و لە لایەکی دیکەشەوە بەرپرسیارێتی خوشک و براکانی گرتووەتە ئەستۆ، هەموو خەڵکی ناوچەکە هەریەکەیان هەمان چیرۆکی ترس، لەدەستدانی کەلوپەل، ماڵ و ئاژەڵ، زەوی کشتوکاڵی و دار و میوەیان هەبوو، فرمێسک بە چاوی هەریەکەیاندا دەڕژا و هەندێکیان تەنانەت نەیانتوانی ئازارەکانیان دەرببڕن.

 

لە ناوچەکەدا تاڵیبان دۆخی هاوڵاتیانی قۆستۆتەوە و زیاتر بیر لە پڕکردنەوەی گیرفانی خۆیان دەکەنەوە، لەم هەرێمەدا تاڵیبانی چەکدار هەوڵی دەدا ئەو دامەزراوانە یان کەسانێک کە خواردن یان هەر شتێکی تریان هێنابوو، سەرەتاخۆیان وەریبگرن، دواتر ئەگەر هەر مایەوە، بیدەن بە خەڵک، کە چووینە ناوچەکە کاتژمێر ١٠ی بەیانی بوو، دوو سێ کاتژمێر لەوێ بووین، دوو خێرخواز خواردنیان هێنابوو و ئەوانیش پێش ئێمە چووبوونە ناوچەکە و تا ئەوکاتەی ناوچەکەمان بەجێهێشت، تاڵیبان ڕێگەی پێنەدان خواردنەکە بدەنە خەڵک، هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە تاڵیبان دەیویست کەرەستەکانیان لێ وەربگرێت. بەڵام ئەوان پێداگر بوون لەسەر دابەشکردنی کەرەستە بەسەر خەڵکدا لە ژێر چاودێری خۆیاندا و ئەم کارە بووبوو بە کاری ڕۆژانەی تاڵیبان لەو ناوچەیەدا.

 

کەمێک دوور لە خانووە وێرانبووەکان، چادر دانراوە و ژن و منداڵی بێ ماڵ و حاڵ تیادا دەژی، ژمارەیەک خێزان کچ و ژنە گەنجەکانیان بۆ سەلامەتی خۆیان ڕەوانەی ماڵی کەسوکارەکانیان کردبوو، چونکە چەکدارانی تاڵیبان شەوانە بە دەوری کەمپەکەدا دەوریە دەدەن، وەک ئەوەی سەلامەتی ناوچەکە بپارێزن، بەڵام لە شەودا شتومەکی بەخشراو وەک فەرش و چادر و قاپەکان دەدزن.

 

ئەو ژنانە دەڵێن: ئێمە نیگەران نین لە لەدەستدانی کەلوپەلەکانمان، بەڵام لە ناوچە جیاوازەکانەوە هەواڵمان بیست سەبارەت بە هاوسەرگیریی زۆرەملێ و دەستدرێژی سێکسی لەلایەن تاڵیبانەوە بۆ سەر ژنان، بۆیە ناچار بووین کچە گەنجەکانمان بنێرین بۆ لای کەسوکارمان بۆ ئەوەی سەلامەت بن.