کوشتنی ژنان لە زیادبووندایە و یاسای سزادانی فەڵەستینی نایانپارێزێت

پارێزەر هیبە حیجازی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو یاسایانەی کە لە فەڵەستیندا جێبەجێ دەکرێن وەک پێویست ژنان ناپارێزن و لەگەڵ ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان کە مافی ژنان دەپارێزن یەکناگرێتەوە.

نەغم کەراجە

 

غەزە- یاسای سزادانی فەڵەستینی ساڵی ١٩٣٦ یەکێکە لە کۆنترین یاساکان، هەرچەندە لەم ساڵانەی دواییدا چەندین یاسا نوێکراونەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕاستیدا بگونجێت، بەڵام هەندێک دەقی یاسایی پەیوەست بە مافەکانی ژنان هەیە کە خواستەکانیان جێبەجێ ناکات.

 

پارێزەر هیبە حیجازی ڕوونیکردەوە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی ٨ دەیە لە یاسای سزادانی فەڵەستینی ساڵی ١٩٣٦، بەڵام هەموار نەکراوەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ پێشکەوتن و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی پەیوەست بە ژناندا بێت، کە بووەتە هۆی ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی یەکسانی و دەستگەیشتن بە مافەکانیان لەلایەن ژنانەوە.

 

"یاسا هەموارنەکراوەتەوەو کێشەی نوێ سەریهەڵداوە"

جەختی لەوە کردەوە کە سەرنەکەوتنی هەموارکردنەوەی یاسای سزادان بووەتە هۆی بەربەست لەبەردەم بەدیهێنانی یەکسانی ڕەگەزی و دادپەروەری لە فەڵەستین و ژنان دەخاتە مەترسی جیاکاری و توندوتیژی و نادادپەروەرییەوە، بەتایبەتی بەهۆی سەرهەڵدانی کێشەی نوێی وەک توندوتیژی ئەلیکترۆنی، وتیشی: ژنانی فەڵەستینی بەهۆی ئەم یاسا کۆنەوە دەناڵێنن، چونکە کێشە هاوچەرخەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە، لەوانە توندوتیژی خێزانی، هەراسانکردنی سێکسی، ژنان ڕووبەڕووی نادادپەروەری و توندوتیژی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە لە ئەنجامی نەبوونی یاسا بۆ پاراستنیان و دابینکردنی دادپەروەری، ئێمە زۆر پێویستمان بە هەموارکردنەوەی یاسایی هەیە بۆ بەدەستهێنانی گۆڕانکارییەکی ڕادیکاڵ و دادپەروەر بۆ مافەکانی ژنان، جگە لە هەموارکردنەوەی هەندێک دەقی لایەنگری لەگەڵ ڕاستی ئێستا و برەودان بە یەکسانی و مافەکانی ژنان.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، یاسای کۆنی سزادانی فەڵەستین ژنان ناپارێزێت و تاوانباران بە شێوەیەکی ڕێگریکار سزا نادات، بەتایبەتی لە حاڵەتەکانی هەراسانکردنی سێکسی و توندوتیژی بە هەموو شێوەکانیەوە، بۆیە پێویستە مەودای سزاکان فراوانتر بکرێت و میکانیزمەکانی پێشکەشکردنی سکاڵا و سزادانی تاوانباران بەهێز بکرێت.

 

"بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی ڕەگەزی دەبێت یاسای ١٩٣٦ هەموار بکرێتەوە"

هیبە حجازی ئەوەیخستەڕوو پێویستە یاسای سزادانی فەڵەستینی ساڵی ١٩٣٦ هەموار بکرێتەوە، کە بەسەرچووە بە ڕەچاوکردنی گۆڕینی دەقە جیاکارییەکان، بەهێزکردنی ژنان بە مافەکانیان و پاراستنی تەواو، هەروەها زیادکردنی بەشداریکردنیان لە پۆستەکانی بڕیاردان، بۆ دڵنیابوون لە نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە و بوونیان لە پرۆسەی نووسینی یاساکان بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی ڕەگەزی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ماددەی ١٨ی یاسای سزادانی فەڵەستینی ساڵی ١٩٣٦ یەکێکە لەو ماددانەی کە دەبنە هۆی ڕێژەیەکی بەرزی توندوتیژی و کوشتنی ژنان، چونکە دەڵێت دەبێت بیانوو لە سەرپێچیکارەکە قبوڵ بکرێت ئەگەر لەبەر شەرەف بێت یان ئەوەی پێی دەوترێت "شۆردنی شەرمەزاری"، ئەم ماددە یاساییە لەلایەن تاوانبارەکەوە پشتی پێدەبەسترێت کاتێک پاساو بۆ کردەوەکەی دەدات، وتیشی: ماددەی ١٨ کاریگەرییەکی ئاشکرای هەیە لەسەر بەردەوامبوونی توندوتیژی و کوشتن دژی ژنان لە پێناو شەرەف یان بەرژەوەندی تایبەتی خێزانەکەیان، هەروەها دەرفەت دەدات بە تاوانباران تا لە سزا دەربازبن.

 

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە لەسەر فراوانکردنی چاودێریکردنی کەیسەکانی پەیوەندیدار بە توندوتیژی دژ بە ژنان و و بەهێزکردنی چالاککردنی میکانیزمەکانی دادوەری، لەوانە لێکۆڵینەوەی تاوانکاری بۆ دڵنیابوون لە ڕەوایەتی کەیسەکان و بەڕێوەبردنی دادوەری، هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕگە یاساییانەی کە ڕێگە بە ئەنجامدەرانی کوشتنی "شەرەف" دەدەن یان ڕێگە بە توندوتیژی دژ بە ژنان دەدەن.