لە هەولێر تێزاب بە منداڵێکدا کراوە و ڕێكخراوی منداڵانی بێسنوور هۆشداری دەدات

لە شاری هەولێر تێزاب كراوە بە منداڵێکی تەمەن دوو ساڵاندا و ڕێکخراوی منداڵانی بێسنووریش ڕایدەگەیەنێت، دۆخی منداڵان لە هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی خراپدایە، داوای سزای توند دەكەن بۆ تاوانبارانی دژ بە منداڵان.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ٢٤ی تەمموز لە شارەدێی ڕزگاری سەر بە پارێزگای هەولێر، چەند كەسێكی نەناسراو تێزابیان بە منداڵێكی تەمەن دوو ساڵاندا کرد، منداڵەکە کە بەشێكی زۆر لەشی سووتاوە ئێستا لە ژێر چاودێریی پزیشكدایە و تۆمەتبارانی ڕووداوەکەش دەستگیرنەكراون.

 

دوای ڕووداوەکە ڕێكخراوی منداڵانی بێسنوور لە ڕاگەیەندراوێکدا هۆشداری بە ئاژانس و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و نوێنەری وڵاتانی بیانی دا كە دۆخی منداڵان لە ڕووی تەندرووستیی و پەروەردە و پاراستنی مافەكانیان، لە هەرێمی كوردستان، لە دۆخێكی خراپدایە ،هەروەها نیگەرانە لە نەبوونی یاسایەكی تایبەت بە پاراستنی منداڵان لە هەرێمی كوردستان و تێیدا هاتووە: بۆشاییەكی گەورەیە و پێویستە تاوانبارانی دژ بە منداڵان بە توندترین شێوە سزا بدرێن و مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، تێزاب کردن بە منداڵێکی دوو ساڵاندا كارێكی نامرۆڤانەیە و كارەساتێكی گەورە و مەترسیدارە، ئەمە یەكەم حاڵەتی توندوتیژی دژ بەمنداڵان نییە و لە ڕابردوو و ئێستاشدا بەردەوامە.

 

"لەمەودوا بەدواداچوون بۆ کەیسەکان دەکرێت"

ڕێکخراوەکە ڕاشیگەیاندووە، لەمەودوا تیمی پارێزەرانی ڕێكخراوی منداڵانی بێسنوور بەبێ ماندووبوون چاودێریی دۆسیەكە و دۆسیەكانی تر دەكات، ئەگەر تاوانبار بەسزای خۆی نەگات، ئەوا دۆسیەكە دەبەنە دادگاكانی ئەمەریكا  و كەنەدا، لە ڕێگەی ئۆفیسی ڕێكخراوی منداڵانی بێسنوو لەو دوو وڵاتەدا  کاری لەسەر دەکەن.