هەر کاتێک لە سەمسور باران دەبارێت چادرەکان لەژێر ئاودان

ژنانی سەمسور کە دوای بوومەلەرزەکە لەژێر باران و زریاندا ژیان بەڕێدەکەن، باسیان لەوەکرد، لەگەڵ هەر بارانێکدا چادرەکانیان لەژێر ئاودایە، نە یارمەتی و نە چادر دابین نەکران.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سەمسور- نالەباری کەشوهەوا لە سەمسوری باکووری کوردستان بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە توندتر دەبێت، هەزاران کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەوانەی ماون لە دۆخێکی سەختدا دەژین، دوای بارانبارینی زۆر، چادرەکانیان لەژێر ئاودایە، ژمارەی قوربانییەکانیش بەهۆی لافاوەوە زیاد دەبێت.

 

"ئاو بەناو چادرەکاندا دەڕوات"

ستار گەزەر، کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ماڵەکەی وێران بوو، ئاماژەی بەوەکرد، هەرکاتێک باران دەبارێت لەژێر باراندا دەمێننەوە و لەبەر سەرما ناتوانن ئاوەکە لاببەن و هیچ شتێک بکەن، وتیشی: ماڵەکەمان خراپ بوو، منداڵەکانمان مردن، هیچ شتێک نەماوە بەناوی (سەمسور) هیچ درەختێک و هیچ شتێک نەماوە بۆ سووتاندن، ئێمە لەگەڵ منداڵەکانمان لەم چادرە ساردەدا دەمێنینەوە ئاو لە ژێرماندا دەڕوات، بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەم شێوەیە باهۆزمان نەبینیوە، هیچ شتێک نەما بەسەرمان نەیەت.

 

"هیچ شتێک ناگۆڕێت"

سونا گۆزەک ئاماژەی بەوەکرد، بەردەوام چادر و دەوروبەرەکەی خاوێن دەکاتەوە، بەڵام ئەنجامەکە دووبارە هەمان شتە و بێچارەییەکەی بەم وشانە دەربڕی: لەگەڵ هەر بارانێکدا، ئێمە لە هەمان دەردەسەریدا دەژین، من چادر و دەوروبەری خاوێن دەکەمەوە، بەڵام هیچ شتێک ناگۆڕێت، من دوو منداڵی بچووکم هەیە لە چادرەکە کە لەم ساردییەدا دەمێننەوە، ئەوان چادری بچووکمان پێدەدەن، ئاو دەچێتە ناویانەوە، سەیری دەوروبەری بکە، هیچ شوێنێک نەماوە کە تەڕ نەبێت.

 

"ئەمە حاڵ نییە"

سەڤدا گەزەر، هەوڵدەدات دوای بوومەلەرزەکە لەگەڵ سێ منداڵەکەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، لە چادردا بژی و وتی: ئێمە کێشەی زۆرمان هەیە، لە شەودا ئاو هاتە ناو چادرەکە، بەتانی و دۆشەک و ڕاخەر هەمووی تەڕ بوون، هەموو شوێنێک تەڕە، بەزۆر دەچینە ناو چادرەکان نە خەڵووز و نە دار نییە، ئێمە لە باران دەترسین کاتێک لافاو دروستدەبێت، منداڵەکانم دەترسن، لە هەموو بارانێکدا چادرەکان تەڕ دەبن کاتێک باران دەبارێت، منداڵەکانم لە بەتانی دەپێچم بۆ ئەوەی تەڕ نەبن، نەک هەر من بەڵکو هەموو دراوسێکانم لەم دۆخەدا دەژین، نە شارەوانی و  نەحکومەت کەسمان نەبینیوە.

 

"ئایا هەمیشە ئاوا دەبێت؟"

فاتمە جان ئاماژەی بەوەکرد کە ماڵەکەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە وێران بووە، هیچ شوێنێک نییە بۆی بچێت و وتی: کاتێک باران دەبارێت، لە هەموو شوێنێکەوە ئاو بۆ ناو چادرەکە دێتە خوارەوە، کارەبا بڕاوە، هیچ درەختێک نەماوە، بەدوای خانوویەکدا دەگەڕێین، بەڵام ناتوانین خانوویەکی کرێ بدۆزینەوە، ئایا هەمیشە ئاوا دەبێت؟.