دەوڵەتانی جیهان پابەندی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا نەبوون

کارگێڕی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لە پابەند نەبوونی دەوڵەتانی جیهان دەکات بە دابینکردنی دارایی بۆ وڵاتانی تازە پێگەشتوو، تا بەرەنگاری گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە، لەکاتێکدا دەوڵەتەکانیان هۆکاری سەرەکین.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەکیم شتاینەر، کارگێڕی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دارایی و بەڕێوەبەرانی بانکی ناوەندیی گروپی بیست (G20) لە هاوینەهەواری شاری بەنگالۆر لە باشووری هیندستان، ڕایگەیاند، جێبەجێنەکردنی ئەو بەڵێنانەی کە ١٠ ساڵ لەمەوبەر درا، بۆ ئەوەی ساڵانە ١٠٠ ملیار دۆلار دابین بکرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا، "گاڵتەجاڕییە".

 

کارگێڕی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: "بە هەموو باوەڕیمەوە دەڵێم گاڵتەجاڕییە"،  ئاماژەی بەوەشکرد، پێموایە پێویستە زۆرێک لە وڵاتان لە خۆیان بپرسن ئایا ئەمە یەکێکە لە هەڵە کارەساتبارەکانی مێژوو، دوای ١٠ ساڵ لەم پابەندبوونە، هێشتا بەڵێننامەی ١٠٠ ملیار دۆلار جێبەجێ نەکراوە.

 

وڵاتانی پێشکەوتوو کە گەورەترین بەرپرسیارێتی گەرمبوونی جیهانیان لە ئەستۆدایە، هێشتا بەڵێنێکیان جێبەجێ نەکردووە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٩ بۆ دابینکردنی ساڵانە ١٠٠ ملیار دۆلار بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی تازەپێگەیشتو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەرئەنجامەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان.