ژنانی باشوور لە ڕێی هاوکارییەکانیانەوە دەیانەوێت خەمی کوردانی باکوور و ڕۆژئاوا بڕەوێننەوە

لە پێناو کەمکردنەوەی ئازارەکانی کوردانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان هاوڵاتیانی باشوور پەیتا پەیتا هاوکارییەکانیان بۆ کەمپینی "هاوخەمتانین" دەبەن و داوا دەکەن تەواوی کوردان پاڵپشتی یەکدی بکەن.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ ١١ی شوبات پێنجەمین ڕۆژی کەمپەینی "هاوخەمتانین" لە ئەمنەسوورەکەی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تا کاتژمێر ٩ی شەویش بەردەوامە، ئەم کەمپەینە لەپێناو کۆکردنەوەی هاوکارییە بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی ٦ی شوباتی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان پێکهێنرا.

 

کەپمەینەکە زۆرترین پێداویستی و کەلوپەلە سەرەکییەکانی کۆکردووەتەوە کە "جلوبەرج، ڕاخەر، خۆراک، پێداویستی ژنان و منداڵان"ی لەخۆگرتبوو، هاوڵاتیان سەردانی کەمپەینەکە دەکەن و بەپێی تواناکانی خۆیان لە بچوکترین هاوکارییەوە تا گەورەترینیان، هاوکارییان پێشکەشکردووە، لەپێناو ڕەواندنەوەی بەشێکی کەم لە خەمی هاونەتەوەکانیان لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان

 

"دەنگی هاواری کوردان لە گوێمدا دەزڕنگێتەوە"

پاکیزە جەلال، ژنێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە، ئاماژەی بەوەدا ئەم کارەساتە دڵی تەواوی جیهانی هەژاندووە، بە تایبەت نەتەوەی کورد کە چەندین ساڵە ڕووبەڕووی دەربەدەری دەبێتەوە، دەڵێت: پێویستە جیهان بێتە دەنگ، چونکە ئەوان بەر لە کوردبوونیان مرۆڤن، هەمیشە دەنگی ئەو کەسانە دێن بە گوێمدا کە لە ژێر داروبەردەکانەوە هاوار دەکەن و دەناڵێنن.

 

باسی لەوەکرد، گرنگە هەموو کوردان هاوکاریان بکەن، چونکە ئەمڕۆ لەو بەشەی کوردستان قەوماوە، سبەینێ لە بەشێکی دیکەیە، بۆیە پێویستە هەمووان پاڵپشتی یەک ببین لە بچوکترین هاوکاری تا گەورەترین بە پێی توانا.

 

"هەموو پارچەکانی کوردستان تەواوکەری یەکترن"

بەفرین سلێمان، بە گرنگی دەزانێت چوار پارچەی کوردستان یەکگرتوو بن بەتایبەت لە حاڵەتێکی لەم شێوەیەدا، کە بەشێک لە کوردان ڕووبەڕووی نەهامەتی بوونەتەوە، وتی: هەموو تاکێک دەبێت هاوکارییەکان بە ئەرکی سەرشانیان بزانن، بۆ ماوەیەکیش بێت خۆشی لە خۆیان بگرنەوە و بیکەنە هاوکارییەک بۆ کوردانی باکوور و ڕۆژئاوا، هەر پارچەیەکی کوردستان تەواوکەری پارچەکەی ترە، بۆیە گرنگە هاوخەمی یەکتر بن و ببینە پاڵپشتی بۆ یەکتر، چونکە کوردستان یەک پارچەیە و هەرگیز لێک ناترازێت.

 

ژنان ئامانجیانە پاڵپشتی خوشک و براکانیان بکەن لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان

جەیران عەلی، وەک هاوڵاتییەکی شاری سلێمانی، بە پێی توانای خۆی بڕێک پارە و چەند کەلوپەلێکی بۆ کەمپەینەکە هێنابوو، باسی لەوەکرد، میلەتی کورد لەوەتەی هەیە دەچەوسێندرێتەوە و ڕووبەڕووی نەهامەتی دەبێتەوە، بەڵام کورد لەوەتەی هەبووە پاڵپشتی یەکتری کردووە و ئامادەباشی لە هەموو ڕوویەکەوە دەربڕیوە.

 

کوردە محەمەد، ئاماژەی بەوەشدا کورد لە هەر جێگەیەک بێت سەرلێشێواوە، بەڵام هەمووان خوشک و برای یەکن، نابێت کەس پشت بکاتە خوشک و براکانی، دەڵێت: پێویستە هەموومان هاوکارییان بین، لە ڕووی مادی و ڕۆحییەوە، بۆی بتوانین ئیرادەیان بەرزبکەینەوە، چونکە بە یەکگرتنی نەتەوەیەک خەمەکانیان کەمدەبێتەوە.