"وشەی جێندەر لەپێناو بەرژەوەندی هەندێک لایەن بەکاردەهێنرێت"

جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی نووسراوێک بەرزدەکاتەوە کە ڕێگری لە چالاکییەکانی جێندەر بکرێت و سەرۆکی لیژنەیەکیش ڕایدەگەیەنێت ئەمە تەنها نووسراوێکە و نەبووەتە بڕیار.

سلێمانی

 

هەوڵدەدرێت لە ڕێگەی میدیاوە کۆمەڵگە بەرەو ئاڕاستەی ناڕاست و بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێ بنەما ببرێت، ئەم بابەتە لە دەستبردن بۆ پرسەکانی پەیوەست بە ژنان و جێندەرەوە زیاتر قوڵبووەتەوە، لەناو کۆمەڵگەشدا لەسەر بابەتی جێندەر پێکدادانی ئایدیا جیاوازەکان دروستکراوە و هەر لایەک بۆ بەرژەوەندی خۆی پرسەکە دەجوڵێنێت و زیاتر ڕاستییەکان ون و هەڵەکان ئاڵۆزتر دەکەن.

 

یەکێک لەو هەوڵانەش بڵاوكردنەوەی نووسراوێکە کە ڕۆژی‌ ٢٩ی كانوونی‌ دووه‌م به‌رزان محه‌مه‌د ساڵح، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌ن واژۆی لەسەر کردووە و ئاڕاسته‌ی‌ پارێزگای سلێمانی، ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان و ئیداره‌ی‌ راپه‌ڕین كراوه‌، داوای کردووە هه‌موو چالاكییه‌كی تایبه‌ت به‌ "جێنده‌ر"، له‌ فەرمانگە حکومییەکانی سنورەکەدا ڕێگری لێبکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، "دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە و مەترسی بۆ سەر گەنجان و نەوەکان هەیە".

 

لەو بارەیەوە نیاز ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی شەهیدان، ناوخۆ و پەیوەندییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بۆ ئاژانسی نوژنها ئاماژەی بەوەدا، ئەو نووسراوە یاسایی نییە و قۆناغە یاساییەکانی نەبڕیوە، ئەو دوو لیژنەیەی واژۆیان کردووە، ڕای هەموو ئەندامانی لیژنەکەیان وەرنەگرتووە و واژووی هەموو ئەندامانیشی تێدا نییە، هەروەها بۆ هەر نووسراو و بڕیارێک پێویستە سەرۆکی لیژنە، جێگر و بڕیاردەر کۆکبن لەسەری، بەڵام لەسەر ئەم نووسراوە واژۆی سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لەسەر نییە.

 

بەپێی قسەکانی نیاز ئەحمەد، ئەم نووسراوە تەنانەت ڕێکارە ئیدارییەکانیشی نەبڕیوە، چونکە ئاڕاستەی سەرۆکی لیژنە کراوە لەو کاتەی سەرۆک گێڕاویەتییەوە بۆ دەنگدان و ئاڕاستەی نەکراوەتەوە لە کاتی پێویستدا.

 

"پێویست ناکات بابەتێک لەپێناو موزایەدەی هەڵبژاردنەکاندا بوروژێنرێت"

نیاز ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هاوڵاتیان هۆشیار بن لەوەی ئەمە بڕیار نییە و تەنها نووسراوێکە، ئەمە ڕای هەندێک لە ئەندامەکانە ئەگەرنا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنیش ئاماژەی پێکردووە ئەم نووسراوە دوورە لە بڕیارەوە، وتی "ئێمە خاڵی زۆر گرنگترمان هەیە لە ئەنجومەنی پارێزگا وەک دۆخی خەڵکی و ئابووری و چەندینی دیکە، وەک لەوەی بابەتێک بکرێت بە موزایەدەی هەڵبژاردنەکان بۆ پاڵپشتیکردنی بەشێکی کۆمەڵگە".

 

نیاز ئەحمەد داوا لە هاوڵاتیان دەکات، کە هۆشیار بن، ئەمە بابەتێک نییە زیادەڕەوی تێدا بکرێت و تەنها چەند کەسێک ئەم بابەتەیان وروژاندووە لەپێناو هەندێک ئامانجی خۆیان، لە کۆتایشدا ڕوونیکردەوە هیچ مەترسییەک نییە ئەم نووسراوە بکرێتە بڕیار، پێویستە هەمووان بزانن پێکهاتەی ئەنجومەن لە چەندین حزب، فکر و ئاینی جیاواز پێکهاتووە، بڕیارەکانیش بە کۆدەنگی و لەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتی دەدرێت.