پزیشکانی بێسنوور: کردەوەکانی تاڵیبان داهاتووی کارمەندانی تەندروستی دەخاتە مەترسییەوە

دوای بڕیاری تاڵیبان کە قەدەغەی کرد ژنان لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکان کاربکەن، پزیشکانی بێسنوور ئاماژەی بەوەدا، تاڵیبان بەم کارەی داهاتووی ژنانی نەخۆش و منداڵان و کارمەندانی تەندروستی خستووەتە مەترسییەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور لە ئەفغانستان "MSF" لە بەیاننامەیەکیدا دەربارەی ئاستەنگکردن و قەدەغەکردنی کاری ژنان لەگەڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکان لەلایەن تاڵیبانەوە وتی: هیچ گەرەنتییەکی فەرمی نییە کە ڕێکخراوەکە بەبێ بەربەست بەردەوام بێت لە کارەکانیدا.

 

پزیشکانی بێسنوور لە لێدوانەکەدا تیشکیان خستەسەر تێکشکانی هیوا و ترسی کرێکارانی ژن بۆ داهاتوو، "لە ئەفغانستان ژنان لە ٥١٪ی ستافی ئەم دەزگایە پێکدەهێنن و نزیکەی ٩٠٠ پزیشک و پەرستار و پسپۆڕی دیکە هەن، ڕۆژانە خزمەتی پزیشکی پێشکەش بە هەزاران ئەفغانی دەکەن".

 

"دەبێت لە نەخۆشخانەکاندا شوێنێکی تایبەت بە ژنان هەبێت"

هەروەها ئەوەش هاتووە: "دەبێت شوێنێک هەبێت لە نەخۆشخانە کاتێک ژنەکان نەخۆش دەبن بچنە ئەوێ، تەندروستی ژنێک کاریگەری لەسەر تەندروستی تەواوی خێزان هەیە و ئەگەر پێش لەدایکبوون و دوای لەدایکبوون نەگاتە خزمەتی ژیانی منداڵیش لە مەترسییەکی گەورەدایە، ئەم کارەی تاڵیبان بۆ سەر ژنان، نەک هەر کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانیان هەبوو، بەڵکو کاریگەری زۆری لەسەر تەندروستی منداڵ و بەرزبوونەوەی نەخۆشییە چارەسەرنەکراوەکان هەیە، بەم دواییانە ژمارەیەکی زۆر لە دایکان بەهۆی کەمی پزیشکیی و کەمی ئابووری و نەبوونی چاودێری پزیشکی، منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەتیان هێنایە دنیاوە".