شەقام بە شەقام ناوی بەرخۆدان: سێڤێ و فاتمە و پاکیزە

سیاژین بورومتەکین، هاوڕێی سێڤێ دەمیر، کە ٧ ساڵ لەمەوبەر لە سیلۆپی کوژرا، وتی: لە هەموو شار و شەقامێکدا جێدەستی سێڤێ، فاتمە و پاکیزە دیارە هەیە.

مەدینە مامەدئۆغلو

 

شرناخ- لە شارۆچکەی شرناخ سەر بە شاری سلۆپی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥-٢٠١٦ قەدەغەی هاتووچۆی بەسەردا سەپێنرا، پاکیزە نایر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی سیلۆپی، فاتمە ئویار، ئەندامی کۆنگرەی ژنانی ئازاد و سێڤێ دەمیر، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان لە ڕۆژی ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦، بەهۆی چوونیان لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی دیکە بە گولـلەی زرێپۆشەکانی دەوڵەتی تورکیا کوژران، بەڵام بوون و تێکۆشانیان لە مێژوودا مایەوە.

 

ئەمڕۆ ٧ ساڵ بەسەر کوشتنی ئەو سێ ژنەدا تێپەڕی، بەڵام خەباتیان هەرگیز لەبیر نەکراوە، سیاژین بورومتەکین، هاوڕێی سێڤێ دەمیر، دەربارەی تێکۆشانی ئەو ژنانە و بەتایبەت سێڤێ ئاماژەی بەوەدا کە، سێڤی دەمیر بۆ من و هەزاران ژنی ناوچەکە جێگەی گرنگی بوو.

 

"زۆر کاری بۆ ژنان کردووە"

سیاژین بورومتەکین ڕایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠١٥ چاوی بە سێڤی دەمیر کەوتووە و دەڵێت: پێش ئەوەی سێڤێ بناسم، واتای پارت و ناسنامەی ژنی ئازادم نەدەزانی، من وەک خوێندکارێکی سێڤێ دەمیر دەتوانم ئەوە بڵێم؛ ڕەنجی سێڤێ لەسەر من و هەزاران ژن لە هەموو شار و شەقامێکدا بوونی هەیە، لە ڕێگەی خەباتەکەیەوە ژنان هەستیان بە بەهێزبوون و گەشەکردن دەکرد، ئێمە زۆر قەرزاری ئەوین، سێڤێ گەورەترین ئامانجی ئەوەبوو کە باسی ژنان بۆ ژنان بکات.

 

"ئەو ژنانەی لەپێناو ئاشتیدا خەباتیان دەکرد، کرانە ئامانج"

سیاژین بورومتەکین خستیەڕوو کە پاکیزە نایر و فاتمە ئویار کە لەگەڵ سێڤێ دەمیر کوژراون، تێکۆشانیان بۆ ژنان کردووە و وتی: ئەو ژنانەی لە پێناو ئاشتیدا تێکۆشانیان کرد، کوژران، ئەو ژنانە بۆ مرۆڤایەتی تێکۆشان، بۆیە بە دەیان گولـلە کوژراون، حکومەتی ئاکەپە هەموو ئەو ژنانەی کردووەتە ئامانج کە خەبات بۆ ئازادی دەکەن، لەوانە سێڤە دەمیر، پاکیزە نایر و فاتمە ئویار، ئەو ژنانە لە هەموو شارەکاندا ناویان ماوەتەوە و جێدەستیان هەبووە، پاکیزە گەنج و چالاک بوو، هەمیشە ڕۆح و ئیرادەی زیندوو دەبێتەوە، فاتمەش لە چالاکییەکانی گەنجان و ژنانیشدا بەشدار بوو، خەباتی بۆ ناسنامەی ژن کرد.