"هێرشکردنە سەر ژنان بە هەر پاساوێک جێی قبوڵ نییە"
ژنانی باشووری کوردستان ئیدانەی هێرشکردنە سەر ژنێکی گەنجی ١٧ ساڵ لە هوانەی شاری سلێمانی دەکەن و ئاماژە بەوە دەدەن، ژن لە هەر شوێنێک بێت ڕووبەڕووی ئیهانە دەبێتەوە.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی هەینی ٣٠ی کانوونی یەکەم، لە گەڕەكی هوانەی شاری سلێمانی كە تێیدا گەنجان نمایشی ماتۆڕسكیل دەكەن، ژمارەیەك گەنج هێرشیان كردە سەر ژنێکی گەنج كە ئامادەی نمایشەكە بوو، یەکێکیان لێی دەدات و ژنە گەنجەکە دەکەوێتەوە سەر زەوی، دواتر چەندین گەنجی دیکە بە لێدان و تانە و جنێودان هێرش دەکەنە سەری، ڕووداوەکە کاردانەوەی گەورەی لێکەوتەوە و پۆلیسی سلێمانی ١٦ کەسی دەستگیرکردووە کە دانیان بەوەدا ناوە، ئەوان بەشداربوون لە هێرشکردنە سەر ژنە گەنجەکە.
ژنانی لایەنە سیاسییەکان و چالاکوان، ڕۆژنامەنووس و توێژە جیاوازەکان کاردانەوەیان نیشاندا.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی یەنەکە، لەسەر ڕووداوەکە ئاماژەی بەوەدا، "بە توندی ڕووداوی هێرشکردنەسەر کچێک لە ناوچەی هوانە لە شاری سلێمانی شەرمەزار دەکەین و دووپاتی دەکەینەوە، کە پەلاماردانی ژنان لە ژێر هەر پاساوێکدا جێی قبوڵ نییە و دەبێت بکەرانی ئەو پەلامارە ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە، ئەنجامدانی تاوانێکی لەم جۆرە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پەرەسەندنی توندوتیژی دژی ژنان، داواکارم دامودەزگا ئەمنییەکان بە زوویی لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن و بکەرانی ئەو پەلامارە بەسزای خۆیان بگەیەنن."
ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لە بارەی هێرشکردنە سەر ژنێکی گەنجی ١٧ ساڵ لە هوانە بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا چەند گەنجێکی ماتۆڕسوار دوای کچێک دەکەون و لێی دەدەن، لە سنووری پارێزگای سلێمانی، پێشێلكردنى سەرەتايیترين مافەكانى مرۆڤه، داوا له دامودەزگاکانی سەر به وەزارەتى ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی توندوتیژى دژی ئافرەتان و پۆليس و دامه زراوه دادوەريیەكان دەكەین، بەتایبەت داواکاری گشتی، ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لە سزادانی تاوانباران، هه ر كەمتەرخەميیەك له هەر دەزگایەك قابلى قبوڵ نیيه".
شنە بابە عەلی، ڕۆژنامەنووس، وەها دەنووسێت: ئیتر بزانن ژنان تەنها لە هوانە پەلامارنادرێ! بەڵکو لە ھەمو شوێنەکان ڕەنگە ڕووبەڕووی ئیھانەکردن بێتەوە جا بە زارەکی بێت یان کردەیی!، فەرقی نییە ھەر شوێنێک بێت، لەناو خێزاندا یان لە شاربێت یان لادێ، لە زانکۆ، لە شوێنی کار، لە کۆمپانیاکان، لە خوێندنگاکان، لە بازاڕ ئەمە چارەنووسی زۆربەی کچ و ژنەکانن، تاکی ناھۆشیار ھەر شەقوەشێن دەردەچێت قابیلە گوڵت پێبدات!!!! تەواو بێزار بووین لەم هەموو نادادپەروەری و بەدڕەوشتییەی لەم شارە ڕوو دەدات.