شۆڕشی ژینا لە مانگی چوارەمی دایە

شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" پێی نایە ناو مانگی چوارەمەوە و هاواری دروشمەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە.

ناوەندی هەواڵ

 

زیاتر لە ٣ مانگ بەسەر کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێران و ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران تێدەپەڕێت، خەباتی خەڵکی ئازادیخواز تا ئێستاش بەردەوامە و شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" پێی نایە مانگی چوارەمەوە.

 

لە ماوەی ٣ مانگی ڕابردوودا ناڕەزایەتی و خەباتی خەڵک بە شێوەی جۆراوجۆر بە بەشداری هەموو گەلانی ئێران بە هەر شێوەیەک لە توانایاندایە هەوڵی گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی دەدەن، مانگرتن، بوون لە شەقامەکان، نووسینی دروشم، بڵاوکردنەوەی پانکارت و هتد، ڕێبازەکانی ئازادیخوازانە بۆ درێژەدان بە ڕاپەڕین و گەیشتن بە ئازادی.

 

پشتیوانی بەربڵاوی گەلانی ئێران بۆ یەکتر نیشانەی یەکڕیزییەکی ناوازەیە لە نێوان گەلانی ئێران کە ڕژێمی ئیسلامی ئێران ساڵانێک بوو لە نێوانیاندا لەناویبردبوو.

 

لە لایەکی دیکەوە ئاگادارکردنەوە و ڕاگەیاندنی پشتیوانی خەڵک بۆ زیندانیانی سیاسی بەتایبەتی زیندانیانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە و ئەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە و ئەوانەی تۆمەتبارن بە تێکدەری، کە ئەگەری لەسێدارەدانیشیان هەیە، بووەتە هۆی کشانەوەی ئەو ڕژێمە لە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی.

 

ئەم یەکگرتووییە لە ئیلامیش بوونی هەیە و دوێنێ خەڵکی ناوچەکە ڕژانە شەقامەکان بۆ پێشوازیکردن لە سۆنیا شەریفیی ١٦ ساڵ کە بە هۆی بەشداریکردنی لە ناڕەزایەتیەکان ماوەی دوو مانگە لەلایەن ڕژێمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەرکراوە، ناڕەزایەتی هاوڵاتیان لە دەستگیرکردنی سۆنیا وایکرد کە ڕژێم ناچار بە ئازادکردنی سۆنیا شەریفی بکرێت بەرامبەر بە بە کافالەتی ماددیی.