خەڵاتی هاوبەشی مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا بەخشرایە ژینا ئەمینی و ژنانی ئێران

وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا خەڵاتی مافی مرۆڤ و سەروەری یاسای ساڵی ٢٠٢٢یان بە ژینا ئەمینی و ژنانی ئێران بەخشی کە تێکۆشان بۆ ماف و ئازادییەکانیان دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی شەممە ١٠ی کانوونی دووەم، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی مافی مرۆڤ، وەزیرانی دەرەوەی فەڕەنسا و ئەڵمانیا، کاترینا کۆلۆنا و ئانالینا بێربوک، لە تویتێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە پاریس و بەرلین خەڵاتی فەرەنسا-ئەڵمانیان بۆ مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا بەخشییە ژینا ئەمینی، ئەو کوردە تەمەن ٢٢ ساڵەی خەڵکی شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی تارانەوە ئەشکەنجەدرا و گیانی لەدەستدا، و هەموو ژنانی ئێران کە ئازایانە دژی "حکومەتی ژنکوژی کۆماری ئیسلامی" و لەپێناو ئازادیدا تێکۆشان دەکەن.

 

کاترینا کۆلۆنا، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە و هاشتاگی "ژینا ئەمینی"ی نووسیوە و دەڵێت: ئەم دروشمە جیهانییە و هەموو خەڵک هاوار دەکەن، بەبێ ئازادی مافی ژنان نییە و خەڵکی ئێران بە وتنەوەی ئەم دروشمە بە دوای ژیانێکی ئاسایی بێ جیاوازی و توندوتیژیی حکومەتدا دەگەڕێن.

 

کاترینا کۆلۆنا وتی: ئەم خەڵاتە بۆ یادی ئەو خۆپیشاندەرانە دەدرێت کە کوژراون و لە سێدارە دراون، لەنێویاندا دەیان منداڵ.

 

ئانالینا بێربوک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە ڤیدیۆکەدا دەڵێت: لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا زیاتر لە ٤٥٠ پیاو، ژن و منداڵی ئێرانی بە دەستی ڕژێمی ئێران کوژراون و زیاتر لە ١٨ هەزار کەسیش کە خۆپیشاندەران و چالاکانی مافی مرۆڤیشیان تێدایە دەستگیرکراون، سەرجەم خۆپیشاندەران لە دەوری دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆبوونەتەوە.

 

خەڵاتی فەرەنسا-ئەڵمانیا بۆ مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا لە ڕاستیدا خەڵاتێکە کە ساڵانە لەلایەن فەرەنسا و ئەڵمانیاوە بە هاوبەشی دەبەخشرێتە ئەو کەسانەی، هەوڵدەدەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤ.