هەڵەبجە، پەیامنێری نوژنها خەڵاتی باشترین میدیاکاری بواری ژنانی پێبەخشرا
لە چوارچێوەی چالاکییەکان بۆ ٢٥ی نۆڤەمبەر، لە شاری هەڵەبجە پەیامنێری ئاژانسی نوژنها خەڵاتی باشترین میدیاکاری پێبەخشرا، کە زۆرترین کاری لەسەر پرسەکانی ژنان کردووە.
هەڵەبجە
ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا لە شاری هەڵەبجە، ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان، لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان یەکەمین خەڵاتی ساڵانەی بە ناوی "ڕووناکی نوێ"ی بەخشیە میدیاکارانی سنورەکە کە زۆرترین کاریان لە پرسی ژنان و بەدەستهێنانی مافەکانیان کردووە.
لە مەراسیمەکەدا هێرۆ وەکیل، وتاری بەشی ژنانی ڕێکخراوی نوێی خوێندەوە و تیایدا هانی ژنان و گەنجان درا بۆ بەدەستهێنانی ماف و کارکردنی زیاتریان.
پاشان لە پانیڵێکدا، هەریەک لە گوڵستان سەعید، لە نوسینەگەی مافی مرۆڤ، شۆخان ئەحمەد، پارێزەر، مقدم بەرزان عوسمان، وتەبیژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەڵەبجە، بورهان ئەحمەد، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سەیدسادق چەند بابەتێکیان پێشکەشکرد و بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجەوە خرانەڕوو لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە پارێزگای هەڵەبجە ٩٠ سکاڵا تۆمارکراون و دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە کە ٦٣یان ژنن.
جێی ئاماژەیە بەپێی ئەو هەواڵانەی ئاژانسی نوژنها لە میدیاکانەوە کۆیکردووەتەوە، تەنها لەمساڵدا دوو حاڵەتی خۆسووتاندنی ژنان لە سنوری پارێزگای هەڵەجە تۆمارکراوە، بەڵام لە ئامارەکەی پۆلیسی هەڵەبجەدا ئاماژەی پێنەکرا، بەڵکوو وتی کە ئەمساڵ هیچ حاڵەتێکی کوشتنی ژنان تۆمار نەکراوە و ئامارەکانی بەشێوەیەکی دروست ئاشکرا نەکرد.
لە درێژەی مەراسیمەکەدا ڕێکخراوی خەڵک خەڵاتی بەخشییە سێ باشترین میدیاکارانی سنورەکە کە لە بواری پرسەکانی ژناندا زۆرترین کاریان کردووە، میهرەبان سەلام کاکەیی ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری ئاژانسی نوژنها لە پارێزگای هەڵەبجە توانی خەڵاتی یەکەم، وەک باشترین میدیاکار و ئامادەکاری بەرنامە و ڕاپۆرتی پێببەخشرێت.
خەڵاتی دووهم بەخشرایە كاڵێ ڕێناس بۆ ئامادەکردنی بهرنامه، سۆزان فەرەج، لە بواری ڕێکخراوەیی و بەدەستهێنانی مافی ژنان توانی خەڵاتەکە بەدەستبهێنێت.