نادین ماینزا: بەئامانج گرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی تاوانی جەنگە

بەرامبەر هێرشی توركیا بۆ سه‌ر باشوور و ڕۆژئاواى كوردستان، نادین ماینزا ئاماژە بەوەدەکات، پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌توندی دژى ئه‌و هێرشه‌ بێنه‌ ده‌نگ.

ناوەندی هەواڵ

نادین ماینزا، سه‌رۆكی پێشووی لیژنه‌ی ئه‌مریكی بۆ ئازادیه‌ ئاینییه‌كان له ‌تویتێكدا داوای له ‌حکومەتی ئه‌مریكا كردووە، کە هەموو ڕێوشوێنێک بگرێتەبەر بۆ ئەوەی ڕێگریی لە پلانه‌كانی توركیا بكات دژى باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەو ژنە بەرپرسە نووسیویەتی: "به‌ئامانجگرتنی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی تاوانی جه‌نگه ‌و هەر ئەوەشە کە تورکیا لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گریمانکراوەکەیدا دەیەوێت ئەنجامی بدات".

ماینزا داوای له ‌كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تیش كردووە به ‌توندی دژی ئه‌و هێرشه‌ى توركیا بۆ سه‌ر باشوور و ڕۆژئاواى كوردستان بوه‌ستنه‌وه‌.

ئەوە لە کاتێکدایە کە لە شەوی ڕابردووەوە دەوڵەتی تورک لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە چەندین ناوچەی لە باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان بۆردومان کردووە و زیانی گەیاندووە.