زانکۆکانی هەرێمی کوردستان نەبوونەتە هەوێنی پێگەیاندنی گەنجان

نەبوونی دەرفەتی کار و دامەزراندن یەکێکە لە گرفتە گەورەکانی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لەهەرێمی كوردستان، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر خوێندکار خویندن تەواودەکەن، بەرپرسان و وەزارەتەکانیش خەمساردن لە داهاتووی خوێندکاران.

سلێمانی

 

ڕۆژی ٢٣ی تشرینی یەکەم، ٥٤ ساڵ بەسەر دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی تێدەپەڕێت کە یەكەم زانكۆیە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان تێپەڕدەبێت، لە ٢٣ تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٦٨ زانکۆی سلێمانی دامەزراوە،  ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی بەش و مامۆستا و خوێندکاری زیاتر لەخۆ دەگرێت یەکێکە لە گەورەترین زانکۆکانی کوردستان و چەندین ساڵە خوێندکار لەو زانکۆیە خوێندن تەواودەکەن.

 

لەكاتی دامەزراندنی زانكۆی سلێمانی لە سەدەی رابردوو، رەوتی سیاسی‌ و بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كورد هەنگاوێكی گەورە چووە پێشەوە، هەر ئەوەش بووە هەڵگیرساندنی شۆڕش دژی ڕژێمی بەعس، زانکۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٨١ بۆ ١٩٨٢ بۆ شاری ھەولێر گواسترایەوە وە ناوەکەشی گۆڕدرا بۆ زانکۆی سەڵاحەدین.

 

پاش ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١، کە بووە ھەوێنی بەرخۆدان و و گۆڕانی مێژووی گەلی کورد و لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزرایەوە.

 

ئەمڕۆ یادی ٥٤ ساڵەی دامەزراندنی زانكۆی سلێمانییە، لە ماوەی ئەو چەندین ساڵەدا بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی كاری كردووە، کە ھاوشانی زانکۆکانی تری عێراق خوێندکاری لە بوارە جیاجیاکاندا پێدەگەیاند و  ئومێدی ئەوەدەکرا کە کۆمەڵگای کوردی بەرەو پێشکەوتن و شارستانێتی جیھان بڕوات، لە سەرەتای دامەزراندنی زانکۆی سلێمانی پڕۆسەی خوێندن گرنگییەکی زیاتری پێدەدرا و دەرچووانی زانکۆ لە کەرتی گشتی و تایبەت دەرفەتی کارکردن و پراکتیزەکردنی زانیارییەکانیان پێدەدرا و ژمارەیەکەی بەرچاوی خوێندکاریش لە زانکۆکانی دەرەوەی وڵات سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە.

 

لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی کۆتایدا هەم ڕەخنە لەسەر پرۆسەی خوێندن هەیە لە زانکۆ حکومییەکان و هەمیش ساڵانە چەندین خوێندکار زانکۆ تەواو دەکەن بەڵام حکومەت هیچ پلانێکی بۆ دامەزراندنی دەرچووانی زانکۆ نیە و خەمساردە لە داهاتووی خوێندکاران ئەمەش بێ هیوابوونی لەناو گەنجان بە پڕۆسەی خوێندن دروستکردووە.

 

هەرێمی کوردستان لە قەیرانی نەبوونی دەرفەتی کاردایە بۆ دەرچووانی زانکۆ

لە پاڵ ئەوەی کە ساڵانە ڕێژەیەکی بەرچاو خوێندکار لە زانکۆی سلێمانی خوێندن تەواو دەکەن، بەڵام نەبوونی دەرفەتی کاکردن و دامەزراندن یەکێکە لە گرفتە سەرەکییەکانی خوێندکاران و وایکردووە ساڵ بە ساڵ گەنجان لە پڕۆسەی خوێندن ساردببنەوە.

 

 بازاڕی کار لە هەرێمی کوردستان دەرفەتی بۆ گەنجان بەر تەسک کردوەتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا دامەزراندن لە کەرتی گشتی و تایبەت نەیتوانیووە پێویستی دەرچووان بۆ دەستکەوتی کار پڕبکاتەوە، ئەو دەرفەتە کەمەشی لەسەر ئاستی کەرتی تایبەت هەیە لەسەر بنەمای پەیوەندییە کەسییەکان پڕ دەکرێتەوە و پسپۆڕی و ئەزموونی کار بە هەند وەرناگیرێت.

 

ماوەی ٩ ساڵە دامەزراندن لە کەرتی گشتی لە دامودەزگاکانی حکومەتدا ڕاوەستاوە و ساڵانەش ڕێژەی دەرچووانی دانەمەزراو ڕوو لە زیادبوون دەکات، بەرپرسان و وەزارەتەکانیش خەمساردن لە چارەنووسی خوێندکاران و تەنانەت گرنگی بە ڕێژەی دەرچووانی دانەمەزراویش نادەن و ئامارەکانیش بڵاو ناکەنەوە تاوەکو بە پلانێکی ئاکادیمی کار بۆ چارەسەرکردنی گرفتی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان بدرێت.

 

بە پێی ئامار و داتا نافەرمییەکان لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٢٠ هەزار خویندکار لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەرچوون و لەو ڕێژەیەش تەنها نزیکەی ٦٠ هەزار لە کەرتی گشتیدا دامەزراون.

 

لە ئێستادا ژمارەی دەرچووانی دانەمەزراو نزیکەی ٣٦٠ هەزار دەرچووە، ساڵانەش نزیکەی ٤٠ هەزار  خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگاکان خوێندن تەواو دەکەن و چاوەڕێی دامەزراندن و دەرفەتی کارکردن دەکەن.

 

لە دامودەزگا گشتییەکانی حکومەت پێویستی و بۆشای هەیە بۆ پڕکردنەوەی بە دەرچووانی زانکۆ، بەڵام ماوەی نۆ ساڵە حکومەت دەرگای دامەزراندنی داخستووە و لە ئێستادا هیچ پلانێک نیە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە.

 

وەستانی پرۆسەی دامەزراندن، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری گەنجان و دروستبوونی بۆشایی میلاکات لە دامودەزگاکانی حکومەتدا، بەهۆی نەبوونی دەرفەتی کار و دامەزراندنەوە، بەشێک لە دەرچووان وەک خۆبەخش یان وەک وانەبێژ لە خوێندنگە و دامودەزگاکاندا کاردەکەن و بەهیوای ئەوەن لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەی دامەزراندندا هەلی دامەزراندنیان هەبێت.