کەمپەینی "من ژیانم"' بۆ پشتیوانیی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستپێدەکات
بە ئامانجی پشتیوانییکردن لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ناڕەزایەتیی ژنانی ئەفغانستان، گروپێک لە ژنان هەڵمەتێکی جیهانیی بەناوی "من ژیانم" بە دروشـمی "ژن ژیان ئازادیی" دەستپێدەکەن.
ناوەندی هەواڵ
ڕۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم، کۆمەڵێک لە ژنانی خەڵکی وڵاتانی عەرەبی، کە بەشێکیان ئەندامی ڕێکخراوەکان و بەشێکیشیان سەربەخۆبوون، کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینیان سەبارەت بە چۆنیەتی پشتیوانییکردن لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و ناڕەزایەتیی ژنانی ئەفغانستان، سازکرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ئەو ژنانە بڕیاریانداوە، هەڵمەتی جیهانیی "من ژیانم" دەستپێبکەن و بەشێوەی هاشتاگ لەپاڵ دروشمی "ژن ژیان ئازادیی''دا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویبکەنەوە.
هەروەها بڕیاریاندا بە پشتیوانی کردنی سەرجەم ئەو چالاکییانەی بۆ شۆڕشی ژنان ئەنجام دەدرێن، بەنمونە خۆپیشاندانی جیهانی ڕۆژی ٢٩ و ٣٠ی تشرینی یەکەم، کە بۆ پشتگیریی لە خوێندکارانی ئێران بەڕێوەدەچێت، هەروەها بەشدارییکردن لە چالاکی ڕۆژی ٢٢ی هەمان مانگ، کە لەلایەن گروپی ژنانی "بەرلین فێمێنیستا"، لەبەردەم دیواری بەرلین بەڕێوەدەچێت.
ڕێکخستنی چالاکی بەتایبەت لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێکی دیکە بوو لە بڕیارەکانیان، هاوکات، ڕووماڵکردنی شۆڕشی ژنان لەسەر ماڵپەڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نووسین و بڵاوکردنەوەی وتار، بە زمانەکانی عەرەبی، کوردی، فارسی، ئینگلیزی زمانە ناوچەییەکان، بەشێکی دیکەی بڕیارەکەیانە.
کۆتا خاڵی بڕیارنامەکەشیان، ئامادەکردنی ڤیدیۆ بوو لە ناوچە عەرەبییەکان، بە زمانەکانی عەرەبی، کوردی، فارسی، ئینگلیزی، ئەمەزیغی و زمانەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفغانستان، بۆ ئەوەی سەرنجی ژنانی دیکە ڕابکێشن و بەشداریی لە هەڵمەتەکەدا بکەن.