١٦ زیندانی ژن لە ئێڤین ناڕەزایەتییان دژی زیادبوونی ژمارەیان لە زینداندا دەربڕی

لە پەیامێکدا ١٦ زیندانی سیاسی ژن لە زیندانی ئێڤینەوە، دۆخی سەختی خۆیان خستەڕوو کە زیندانیانی ژن پیایدا تێدەپەڕن و دۆخی خراپی تەندروستی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ئاماژە پێدا.

ناوەندی هەواڵ

 

١٦ زیندانی سیاسی ژن لە زیندانی ئێڤین لە نامەیەکدا ناڕەزایی خۆیان لە زیادبوونی لەناکاوی ژمارەی زیندانیانی ژن و زیادبوونی ژمارەی نەخۆشەکان و کەمی کارمەندانی تەندروستی دەربڕی.

 

"ڕۆژانە ژمارەی زیندانیانی ژن لە زیادبووندایە"

ئەو ژنە زیندانییانە لە نامەکەیاندا ڕایانگەیاندووە: "دوو نەخۆشی ژن بە ناوەکانی ئەسەل محەمەدی و  سەمین ئێحسانی شەوانە لە ژوورێکدا ڕاگیراون کە هیچ پێداویستییەکی پزیشکی تێدا نەبووە و وەک زیندان وابووە، هەمیشە دەرگاکەیان بەسەریاندا داخستووە، سەرەڕای نەخۆشییەکانیان پاسەوانەکانی زیندان تەنانەت یەک جاریش لە شەودا سەردانیان نەدەکردن، ئەمە یەکەمجار نییە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین و زیندانەکانی دیکە، بە تایبەت زیندانی کەرچەک لە وارەمین، شاهیدی بێباکیی ژیان و تەندروستی زیندانیانی ژن دەبن. بەڵام ئەوەی ئەم دۆخەی خراپتر کردووە، زیادبوونی ڕۆژانەی ژمارەی زیندانییە ژنەکانە".