لە خورماڵ ژنێکی گەنجی ٢٥ ساڵ ئاگری له ‌جه‌سته‌ی به‌ردا

ژنێکی گەنجی ٢٥ ساڵ له ‌ناحیه‌ی خورماڵ ئاگری لە جەستەی بەردا و ڕەوانەی ئیمێرجنسی سلێمانی کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو، ٦ی حوزەیران، ژنێکی گەنجی ٢٥ ساڵ بە ناوی "ش. ا. ع." دانیشتووی گەڕەکی داڵانی لە شارەدێی خورماڵ لە شاری هەڵەبجە ئاگری له ‌جه‌سته‌ی خۆی به‌ردا و به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یەوە ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی سوتاوی سلێمانی كرا.

 

له‌ ڕاگه‌یەندراوێكدا بۆ میدیاکان مقدم بەرزان عوسمان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی  پارێزگای هەڵەبجە ئاماژەی بەوەدا، شەوی ٥/٦/ ٢٠٢٢ لە ناحیه‌ی خورماڵ لە گەڕەکی داڵانێ ژنێکی گەنج بە ناوی "ش. ا. ع." ئاگری لە جەستەی بەرداوە و بەشێکی جەستەی سوتاوە.

 

هەروەها ڕاشیگەیاند کە "ش. ا. ع." ڕەوانەی نەخۆشخانەی سوتاوی سلێمانی کرا و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکرێت.

 

جێی بەبیرهێنانەوەیە، لە مانگی ئایاردا ١٧ ژن کوراون، ناچار بەخۆکوشتن کراون، یاخود توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، هۆکاری هەڵکشانی توندوتیژی و کوشتنی ژنانیش بۆ ئەقڵیەتی پیاوسالاری، خراپی دۆخی ئابوری، نەبوونی سیستمی حکومڕانی و سەروەرنەبوونی یاسا و دادگاکان دەگەڕێتەوە.