بەهۆی نالەباری دۆخی سوریاوە داوای پەنابەرێتی لە هەڵکشاندایە

یەکێتی ئەوروپا ئاماژە بەوەدەکات کە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا ٧٠ هەزار داواکاریی پەنابەرێتی پێشکێشی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە کراون.

ناوەندی هەواڵ 

 

ئاژانسی یەکێتی ئەوروپا بۆ پەناخوازی راپۆرتێکی لەبارەی پێشکێشکردنی داواکاریی پەنابەرێتی لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بۆ سێیەم مانگ لەسەریەک، ژمارەی ئەو پەناخوازانەی لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا داوای پەنابەرێتی دەکەن ٧٠ هەزاری تێپەڕاندووە.

 

ئەوەش ئاشکراکراوە کە تەنها لە مانگی تەمووزدا ٩ هەزاو ١٠٠ هاوڵاتی سوریی داوای پەنابەرێتییان

پێشکەشی وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا کردووە، ئەوەش بۆ نالەباری دۆخی سوریا دەگەڕێنێتەوە کە ماوەی چەند ساڵێکە کۆچکردن لەو وڵاتە ڕوو لە زیادبوونە.

 

لە ڕاپۆرتەکەی یەکێتی ئەوروپادا هاتووە، دوای سورییەکان، پاکستانییەکان دێن کە سێ هەزار و ٨٠٠ کەس داواکارییان پێشکێشکردووە، هەروەها هاووڵاتییانی تورکیاش لە پلەی سێیەمدا بوون زیاتر لە سێ هەزار کەس داوایان پێشکێشکردووە، دواتریش ڤەنزوێلا، کۆڵۆمبیا، هیندستان و توونس دێن

 

ئاژانسەکەی یەکێتیی ئەوروپا باس لە ژمارەی ئەو کەسانە دەکات کە بەبێ بوونی سەرپەرشت کۆچیان کردووە و دەڵێت، تەنیا لە مانگی تەمووزدا نزیکەی سێ هەزار و ٧٠٠ کەس بەبێ بوونی سەرپەرشتێک لەگەڵیان کۆچیان کردووە و لە وڵاتەکانی یەکێتیی ئەوروپا داوایان کردووە مافی پەنابەرێتییان پێبدرێت.