شوێنەوارناسانی ئۆکسفۆرد باس لە مێژوی عێراق دەکەن

شوێنەوارناسانی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی بە سوودوەرگرتن لە وێنەی مانگە دەستکردەکان ٣٥٠ شوێنی راوکردنیان لە بیابانەکانی خوارووی عێراق و باکووری سعودیە دۆزیوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بە سەرۆکایەتی دکتۆر مایکڵ فرادلی، تیمێک لە توێژەران لە پڕۆژەی " مەترسی لەسەر شوێنەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا"  EAMENA  کۆمەڵێک وێنەی مانگی دەستکردیان بەکارهێنا بۆ ئەوەی بە وریاییەوە لە دەوروبەری بیابانی نەفود لە سعودیە و بیابانەکانی باشوری عێراق لێکۆڵینەوە بکەن، ئەنجامە سەرسوڕهێنەرەکان کە لە ڕۆژنامەی هۆلۆسن بڵاو کراونەتەوە، توانای گۆڕینی تێگەیشتنی مرۆڤی هەیە لە پەیوەندی پێش مێژوو و گۆڕانی کەشوهەوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

دیوارەکان هاوشێوەی پەرژینی گەوڕی ئاژەڵ دانراون و ژمارەیەک دەرچەیان تێدایە، هەریەکە لەو دەرچانە، رێگەیەکی هەیە دەڕوات کە هەندێکیان چەندین کیلۆمەتر درێژن؛ هەردوولای رێگەکەش دیوارکراون بە جۆرێک هەر ئاژەڵێک بچێتە ناویەوە ناتوانێت لێی دەربچێت، مرۆڤی چەرخی پێش زایین ئاژەڵەکانی وەک ئاسکەکانیان راوناوە تاوەکو بردوونیەتیانە ناو تەڵەکە بۆ ئەوەی بتوانن بیانگرن یان بیانکوژن، بەڵگە هەیە کە ئەو دیوارانە دەگەڕێنەوە بۆ چەرخی بەردینی نوێ، واتە لانیکەم هەشت هەزار ساڵ پێش زایین.

 

دیوارەکان توانا و هێزی مرۆڤی سەردەمی چاخی بەردینی نوێ نیشاندەدەن، دیوارەکان لە ئاسمانەوە لە کۆلارە دەچن، بۆیە لە لایەن ئەو فڕۆکەوانانەی کە بۆ یەکەمین جار دۆزیویانەتەوە، ئەو ناوەیان پێ دراوە، دیوارەکان لە سەر زەوی بە ئاسانی نابینرێن، بەڵام مانگە دەستکردەکان و پێگەکانی وەکو Google Earth یارمەتیی شوێنەوارناسانیان داوە بەو دۆزینەوانە بگەن.

 

ئەگەرچی ئەو دیوارانە پێشتر لە رۆژهەڵاتی ئوردن و رۆژئاوای سووریا دۆزرابوونەوە، بەڵام یەکەمین جارە ئەو کۆلارانە لە خوارووی عێراق و لە باکووری سعودیە دەدۆزرێنەوە کە ٤٠٠ کیلۆمەتر لەوانی پێشتر دوورن.

 

دۆزینەوەی ئەو کۆلارانە دەریدەخات کە لە چەرخی بەردینی نوێدا ئاستێکی نائاسایی پەیوەندیکردن لەنێوان ئەو شوێنەدا هەبووە کە ئێستا عێراق، سووریا، ئوردن و سعودیەیان پێ دەوترێت، کە پێشتر ئەمە نەزانراو بوو، لێکۆڵەرەکان باس لەوە دەکەن کە دۆزینەوەی ئەو کۆلارانە بە پەرش و بڵاوی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە لە نێو بیابانەکانی باکووری سعودیە و باشووری عێراق خەڵکی ئەو سەردەمە ئاگاداری یەکتر بوون و پەیوەندییان لەگەڵ یەک هەبووە، هەروەها دەشڵێن کە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەو ناوچانەی کە ئێستا بوونەتە بیابان، لەو سەردەمەدا و لە ژێر کەشوهەوای جیاوازدا شوێنی گرنگی ژیانی مرۆڤ و گیانەوەران بوون، ئەوان لەو بڕوایەدان کە کۆلارەکان لە سەردەمێکی پڕ لە ئاو و سەوزایی لە چەرخی هۆلۆسینی شێداردا ٩٠٠٠ تا ٤٠٠٠ ساڵ پێش زایین دروستکراون.

 

بەشی هەرە زۆری ئەو کۆلارانە لەسەر "لەباهـ" لە بیابانی نەفود دروستکراون، لەبەر ئەوەی کە هیچ شوێنەوارێکی چەرخی دواتر "چەرخی نوێ" لە ناوچەکە نەدۆزراوەتەوە، دەردەکەوێت کە ناوچەکە دوای چەرخە شێدارەکە گۆڕدراوە بۆ شوێنێکی وشك و لە ئەنجامدا بەکەڵکی ژیانی مرۆڤ نەهاتووە و نێچیرەکانیشیان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواکەوە کۆچیان کردووە.

 

ئەم پڕۆژەیەی زانکۆی ئۆکسفۆرد کە لەلایەن سندوقی ئارکادیاوە پشتگیری دەکرێت، ئێستا کاری ڕاپرسیی خۆی درێژ دەکاتەوە لەو ناوچە وشکانەی ئێستا ئەوەش بۆ زیاتر پەرەدان بە تێگەیشتن لە ئەم دیمەنانە و کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا.