کەرکوک، دژی لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا داوای هەڵوێست دەکرێت

لە شاری کەرکوک دژ بە داگیركاری و هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر باشوری كوردستان گردبوونەوەیەک ڕێکخرا و داوا لە عێراق کرا بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرایەتی هێزە بیانییەکان بکرێنە دەرەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک بەشێک لە ڕۆشنبیران، نوێنەری لایەنە سیاسیەکان و كەسایەتییەکان گردبوونەوە و ڕاگەیەندراوێکیان دژ بە هێرش و لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا خوێندەوە، تێیدا داوایەکیان ئاڕاستەی هەریەک لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتوەكان و هەموو لایەن حزبە سیاسەكانی عێراق کرد، کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی دهۆك، شەنگال، مەخمور، سلێمانی  و چەندین ناوچەی تر، بە بیانوی بێ بنەما و دوور لە سەروەری خاكی عێراق ڕابگیرێت.

 

لە گردبوونەوەکەدا داواکرا بە پێی بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كە لە ٥ کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ دەرچووە بۆ دەركردنی تەواوی هێزە بیانەیەكان لەسەر خاكی عێراق، دەوڵەتی تورکیا بکرێتە دەرەوە و داواشیان کرد، "لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی ورد دروستبكرێت بۆ ئەو هێز و لایەنانەی پشتیوانی سوپای داگیركاری توركیا دەكەن، چونكە بە پێی دەستور ئەوە خیانەتی نیشتیمانیە".