تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان درێژکرایەوە

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار تەمەنی خولی پێنجەمی درێژکردەوەو شایان عەسکەری ئەندامی پەرلەمانیش دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٩ی تشرینی یەکەم لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا  بە دەنگی ٨٠ پەرلەمانتار تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ وەرزێکی دیکەی یاسادانان کە ماوەی ساڵێک دەکات درێژکرایەوە.

 

لە بەرامبەر درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەم کە نایاساییە، شایان عەسکەری ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد کە یاداشتی دەست لەکارکێشانەوەی لە ئەرکی پەرلەمانتاری ناردووە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان، وتیشی: "دواخستنی ھەڵبژاردن و درێژ کردنەوەی پەرلەمان بەدەر لەیاسا با نەبێت بە کلتور لە ھەرێمی کوردستان".

 

شایان عەسکەری چەند تێبینییەکی خستەڕوو وتی: "تا ئەو کاتەی یاداشتی دەست لەکارکێشانەوەم دەخرێتە بەرنامەی کاری نزیکترین دانیشتنی پەرلەمان و دەنگی لەسەر دەدرێت، ھەر ئەندامی پەرلەمانم، دەمتوانی تا ئەو کات چاوەڕێ بکەم بەڵام ڕاگەیاندنی ھەڵوێستم بۆ ڕای گشتی و دەنگدەر زۆر گرنگ بوو، خانەنشینیم ڕەتکردووەتەوە، پشت بە خوا دەگەڕێمەوە سەر کاری خۆم پزیشکی پسپۆڕی شێرپەنجە".