لە ئەنجامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ٨٨ کەس گیانیان لەدەستدا
ئاژانسی فەرمی فەلەستینی-وافا بڵاویکردەوە، لە ٢ هێرشی جیاوازی ئیسرائیل بۆ سەر باکووری کەرتی غەززە، ٨٨ فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە.
غەززە
بەپێی هەواڵی ئاژانسی فەرمی فەلەستینی-وافا، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر شوێنە نیشتەجێبووەکانی دەوروبەری نەخۆشخانەی کەمال ئەدوان لە ناوچەی مەشرو بەیت لاهیە.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە هێرشەکەدا ٦٦ فەلەستینی کە زۆربەیان منداڵ بوون، گیانیان لەدەستداوە و ١٠٠ کەسیش برینداربوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە شایەتحاڵەکانەوە دەستیان کەوتووە، تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر خەڵک لەناو وێرانەدان.
ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن بەردەوامن
لەبەرهێرشەکانی ئیسرائیل، یەکینەکانی بەرگری شارستانی لە خزمەتگوزارییەکان وەستاون، هەر بۆیە ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕزگارکردن لەلایەن خەڵکی ناوچەکە و بە ئامێری زۆر سادە ئەنجام دەدرێت.
کارمەندانی نەخۆشخانەکان بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردنی ئەو کەسانەدا کردووە، کە دوای هێرشەکان لە ژێر وێرانەکاندا بەجێهێڵراون.
١٠ منداڵ و ٥ ژن گیانیان لەدەستدا
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە تەندروستییەکەوە دەستیان کەوتووە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردووەتە سەر باڵەخانەی ٦ نهۆمی سەر بە بنەماڵەی ''ئاروکی'' لە گەڕەکی شێخ ڕدوان، کە لەو هێرشەدا ٢٢ کەسی فەلەستینی کە ١٠ منداڵ و ٥ یان ژن بوون گیانیان لەدەستدا.