کاتی دادگاییکردنی شەریفە محەمەدی دیاریکرا
کەمپەینی بەرگریکردن لە شەریفە محەمەدی، چالاکوانی کرێکاری لە زیندانی لاکان لە ڕەشت، ڕۆژی دانیشتنی دادگایی ڕاگەیاند.
ناوەندی هەواڵ
هەڵمەتی بەرگریکردن لە شەریفە محەمەدی، چالاکوانی کرێکاری و زیندانی سیاسیی لە زیندانی لاکانی ڕەشت، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام، بابەتێکی سەبارەت بە دادگاییکردنی ئەم چالاکوانە کرێکارییە بڵاوکردەوە، کە پێشتر بڕیاربوو ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ڕەشت، بەهۆی ئامادەنەبوونی یەکێک لە دادوەرەکانی لقەکە، دۆسیەی دادگای یەکەم هەڵوەشایەوە و بڕیارە لە ١٩ کانوونی یەکەم دادگاییەکە بەڕێوە بچێت.
شەریف محەمەدی لە ٤ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە ماڵی خۆیدا دەستبەسەر کرا، دانیشتنی دادگا لەسەر تۆمەتی ئەم چالاکوانە کرێکارییە لە ٨ی حوزەیرانی ئەمساڵدا بەڕێوەچوو و بە سیناریۆیەکی ساختە و بەبێ هیچ بەڵگەیەک، بە تۆمەتی "یاخیبوون" دادگایی کرا.
بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی تەمووزی ئەمساڵ، کەمپەینی بەرگری لە شەریفە محەمەدی، سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەم چالاکوانە کرێکارییەی لە دادگای خواروو ڕاگەیاند.
لە کۆتاییدا لە ١٢ی تشرینی یەکەمدا ئەم بڕیارە لەلایەن دادگای تێهەڵچوونەوە هەڵوەشایەوە و ڕەوانەی هەمان لق بۆ دووبارە لێکۆڵینەوە کرا.