یونسکۆ: لە ڕاگەیاندنەکانی کەمبۆدیادا ئامادەیی ژنان تەنها ٥% پێکدەهێنێت

دامەزراوەی یونسکۆ ئاشکرایدەکات، لە ڕاگەیاندنەکانی وڵاتی کەمبۆدیادا ئامادەیی ژنان تەنها ٥% پێکدەهێنێت، هەر بۆیە هەڵمەتێک بەناونیشانی "کێ هەواڵەکانی کەمبۆدیا ئامادە دەکات؟" ڕاگەیەندراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پاش ئەنجامدانی بەدواداچوونێکی یەک مانگی بۆ دەزگا ڕاگەیاندنە گەورەکانی کەمبۆدیا لەڕووی ئامادەبوون و وێناکردنی ژنان لە هەواڵەکاندا، ڕۆژی ١٢ کانوونی یەکەم، دامەزراوەی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەروەردە و زانست و كولتوور، هەڵمەتێکی لە کەمبۆدیا دەستپێکردووە بەناونیشانی “کێ هەواڵەکانی کەمبۆدیا ئامادە دەکات؟".

 

"ئامادەیی ژنان زۆر کەمە"

ئاماژە بەوەکراوە، لە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی کەمبۆدیا-دا ئامادەیی ژنان زۆر کەمە و تەنها لە ٥%ی  کۆی گشتی هەواڵەکاندا بەدی کراون بەراورد بە کۆی هەواڵ و بڵاوکراوە میدییایەکی دیکە، کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە دەستی پیاواندان.

 

ڕاپۆرتەکەی یونسکۆ تیشکی خستووەتە سەرئەوەی، لە کۆی هەموو ئەوانەی لە هەواڵەکاندا لێدوان و زانیارییان لێ وەرگیراوە تەنها ٢%ییان ژنن، هەروەها ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ شارەزایان دەربارەی بابەتێکی دیاریکراو تەنها ٧%ی ژنان وەرگیراون، تەنانەت لە کاتی وەرگرتنی شرۆڤەیەکی گشتی لە خەڵکەوە لە ڕێگەی “ڤۆکس-پۆپ”ەوە، بۆچوون و دەنگی ژنان تەنها ١٢%ی چاوپێکەوتنەکان بووە لەگەڵ هاوڵاتیان.

 

"ڕەنگدانەوەی ئەو نۆرمە کۆمەڵایەتیانەیە، کە ڕێگری لە  یەکسانی ڕەگەزی دەکەن"

دامەزراوەکە ڕایگەیاندووە، ئەو ژمارە و دەرەنجامانەی لە ڕاپۆرتەکەدا خراوەتەڕوو، بەڵگەی ئەوەن هەڵاواردنی ڕەگەزیی  بە قووڵی ڕەگ و ڕیشەی داکوتیوە و زاڵە بەسەر بواری ڕاگەیاندن و میدیاکانی کەمبۆدیادا، ئەوەش ڕەنگدانەوەی ئەو نۆرمە کۆمەڵایەتیانەیە، کە ڕێگری لە پێشخستنی مافەکانی ژنان و یەکسانی ڕەگەزی دەکەن.

 

یونسکۆ بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی ١٢ دەزگای ڕاگەیاندنی لە کەمبۆدیا بە بنەما گرتووە، کە فراوانترین مەودای ڕووماڵکردنیان هەیە لەو وڵاتەدا و بەشێوەی ڕۆژنامە، تەلەفزیۆن، ڕادیۆ و ماڵپەڕی هەواڵیی پەخشیان هەیە, بەشێک تەرخان کراوە بۆ ڕووماڵکردنی هەواڵەکانی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان، ئەو تاوانانەی بەرامبەر ژنان دەکرێن و هەروەرها هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و زانیاریی دەربارەی پرسی ژنان، بەڵام لە کۆی چوار هەزار و ٩٤ هەواڵ، تەنها ٤٩ هەواڵیان باسیان لە توندوتیژیی دژی ژنان کردووە، کە دەکاتە ١%، سەرباری ئەوەش لە کۆی ئەو ٤٩ هەواڵەی دراوە.